هەولێر و بەغدا تیمێکی هاوبەش بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان پێکدەهێنن

بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ بەغدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ پێکهێنانی تیمێکی هاوبەش بەمەبەستی خێراکردنی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و هەماهەنگی لە هەموارکردنەوەی یاسای پەیوەندیدار بەو پرسە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تەمموزی 2026، ئارام نوری، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند: ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەگەڵ سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق ئەنجامداوە و تێیدا پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکان وەک تەوەرێکی سەرەکی تاوتوێ کراوە.

ئارام نوری ئاماژەی بەوە کرد، وەک وەزارەتی شەهیدان کۆمەڵێک تێبینی و پێشنیازیان ئاراستەی لایەنی عێراقی کردووە، یەکێک لە تێبینییەکان بریتی بووە لە "کارکردنی فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق بە تەنیا و نەگەڕانەوەیان بۆ وەزارەتی شەهیدانی هەرێم یان بەشداری پێنەکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لە پرسی هەڵدانەوەی گۆڕەکاندا".

بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان گوتیشی: پێشنیازمان کردووە وەک جاران تیمێکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و دامەزراوەی شەهیدانی عێراق پێکبهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان و خێراکردنی پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکان، لەو بارەیەوە ئارام نوری دەڵێت "یاسایەک هەیە و ئێستا پڕۆژەیەک بۆ هەموارکردنەوەی ئامادە کراوە، ئێمە ڕای خۆمان وەک وەزارەتی شەهیدان بە نووسراو پێشکەش کردوون کە دەمانەوێت لەناو یاساکەدا پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکان پەیوەست بکرێت بە وەزارەتی شەهیدان و دامەزراوەی شەهیدان، چونکە ئەمە پرسێکی هاوبەشە و تەواوی دۆسیەی ئەنفالکراوان و کەسوکاریان لای ئێمەیە و ئەوانەی لەناو گۆڕەکاندایە شەهیدانی جینۆسایدن، بۆیە ناکرێت ئێمە ئاگادار نەبین".

سەبارەت بە وەڵامی لایەنی عێراقی، ئارام نوری رایگەیاند " سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق پێشوازییەکی باشی لە پێشنیازەکان کردووە و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی راسپاردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە گفتوگۆ بکات بۆ داڕشتنی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش، بڕیاریشە لە داهاتوودا بێنە هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر و واژۆکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە".

ماوەی چەند رۆژێکە شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێم لە بەغدان بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.