دوای 250 ساڵ؛ کۆپییەکی ونبووی راگەیەندراوی سەربەخۆیی ئەمریکا لە لەندەن دۆزرایەوە
هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا کە سبەی شەممەی بەڕێوەدەچێت، ئەرشیف پارێزێکی خۆبەخش لە بەریتانیا توانی کۆپییەکی زۆر دەگمەن و مێژوویی راگەیەندراوی سەربەخۆیی ئەمریکا لە ناو گەنجینە نهێنییەکانی بەریتانیادا بدۆزێتەوە کە دوو سەدە و نیو لەمەوبەر لە جەنگ دەستی بەسەردا گیرابوو.
میدیاکانی جیهان راپۆرتێکیان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەیان داوە، لە نێو گەنجینە مێژووییەکانی ئەرشیفی نیشتمانیی بەریتانیادا، کۆپییەکی ونبووی راگەیەندراوی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆزرایەوە؛ ئەمەش نزیکەی 250 ساڵ دوای ئەوەی لە لایەن هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیاوە لە کاتی جەنگدا دەستی بەسەردا گیرابوو.
مایکڵ سکور، ئەرشیفپارێزی خۆبەخش لە ئەرشیفی نیشتمانیی بەریتانیا، لە مانگی ئایاری رابردوودا ئەم بەڵگەنامەیەی دۆزیوەتەوە، لە کاتێکدا ئەرشیفەکە کارەکانی بۆ پۆلێنکردنی دۆسیەکانی جەنگی سەربەخۆیی ئەمریکا پێش یادی 250 ساڵەی راگەیەندراوەکە خێرا کردووە.
خۆبەخشێکی بەریتانی وردەکاریی چۆنیەتیی دۆزینەوەی دەگمەنترین کۆپیی راگەیەندراوی سەربەخۆیی ئەمریکا دەگێڕێتەوە کە لە ناو نامەکانی کاپتنێکی هێزی دەریایی سەدەی هەژدەیەمدا شاردرابووەوە؛ ئەم دۆزینەوەیە لە کاتێکدا دەخرێتەڕوو کە ئەمریکا سبەی ئامادەکاری دەکات بۆ یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی خۆی.
ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاوی کردووەتەوە، مایکڵ سکور، کە ماوەی 11 ساڵە وەک خۆبەخش لە ئەرشیفی نیشتمانیی بەریتانیا کار دەکات، چیرۆکی دۆزینەوەی یەکێک لە دەگمەنترین و بەهادارترین دۆکیۆمێنتە مێژووییەکانی جیهانی ئاشکرا کرد.
سکور لە کاتی پشکنینی ئاسایی نامەکانی کاپتنێکی هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانی لە سەدەی هەژدەیەمدا، کاغەزێکی پێچراوەی دۆزییەوە کە تەنیا بە دەستەواژەی کاغەزێکی دیکە ناونووس کرابوو. کاتێک بە وریاییەوە کاغەزەکەی کردەوە، وشەی "راگەیەندراو" لە بەشی سەرەوەی کاغەزەکەدا سەرنجی راکێشا؛ ئەو لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی راگەیاند: "کاتێک وشەکەم بینی، لە دڵی خۆمدا گوتم: ئۆهـ، راستە، ئەمە بە دڵنیاییەوە راگەیەندراوی سەربەخۆیی ئەمریکایە... ئەمە چەند پڕ جۆش و خرۆشە!"
پاشان توێژەرانی ئەرشیفی نیشتمانیی بەریتانیا پشتڕاستیان کردەوە کە ئەم بەڵگەنامەیە کۆپییەکی دەگمەنی چاپکراوی شاری ئێکسێتەری ویلایەتی نیو هامپشایرە کە لە نێوان 16 بۆ 19ی تەممووزی 1776 چاپکراوە تا هەواڵی سەربەخۆیی 13 کۆلۆنییەکە لە بەریتانیا بڵاو بکاتەوە. بەپێی راگەیەندراوی فەرمیی ئەرشیفەکە، ئەم دۆکیۆمێنتە یەکێکە لەو 11 کۆپییە فەرمییانەی کە لەو چاپە مێژووییە لە جیهاندا ماونەتەوە، و تەنیا کۆپییە کە تا ئێستا لە دەرەوەی خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆزرابێتەوە.
ئەم کۆپییە گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە لە کاتی جەنگی سەربەخۆییدا لەسەر پشتی کەشتیی جەنگیی ئەهلیی ئەمریکی بە ناوی "داڵتۆن" کە لە لایەن کۆنگرێسی کیشوەرییەوە مۆڵەتی پێدرابوو، دۆزراوەتەوە. کاپتن تۆماس فیتزهێربێرت، فەرماندەی کەشتیی جەنگیی شاهانەی بەریتانی "رێزۆنابل" ، لە شەوی کریسمس لە 24ی کانوونی یەکەمی 1776دا، بۆ ماوەی حەوت کاتژمێر لە ناو ئاودا بەدوای کەشتیی داڵتۆندا کەوت و لە کەناراوەکانی پۆرتوگال دەستی بەسەردا گرت.
دوابەدوای دەستگیرکردنەکە، تیمی 120 کەسیی کەشتییەکە لە شاری پلیمۆسی ئینگلتەرا لە ژێر مەرجێکی زۆر سەخت و دڕندانەدا زیندانی کران. چارڵز هێبێرت کە لەو کاتەدا گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ بوو، لە یاداشتنامە تایبەتەکانیدا مێژووی دوو ساڵ برسیێتی، نەخۆشی، سەرما و سزای توندی ناو زیندانەکانی گێڕاوەتەوە پێش ئەوەی لە رێگەی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکانەوە ئازاد بکرێت.
ئەماندا بیڤان، سەرۆکی پڕۆژەی پۆلێنکردنی دۆسیەکانی هێزی دەریایی بەریتانیا لە سەردەمی شۆڕشی ئەمریکادا، پێی وایە بوونی راگەیەندراوەکە لەسەر پشتی کەشتییەکە نیشان دەدات کە کاپتنەکە دەقەکەی بۆ سەربازەکان خوێندووەتەوە؛ ئەو دەڵێت: "ئەوان دەیانزانی بۆچی دەجەنگن، ئەم دەقەش شەڕەکەی لە فۆرمێکدا کورتکردووەتەوە کە زۆر گەورەتر بێت لە کێشە کەسییەکانیان؛ ئەوان بۆ ئایدیاڵ و پرەنسیپی سەربەخۆیی دەجەنگان."
ماتیۆ سکیک، بەڕێوەبەری کۆکراوەکان لە مۆزەخانەی شۆڕشی ئەمریکا لە فیلادێلفیا سەرسامیی خۆی بەم پێشهاتە دەربڕی و جەختی کردەوە کە ئەم دۆزینەوەیە بەڵگەیەکی بەرجەستەیە لەسەر ئەوەی دوای تێپەڕبوونی 250 ساڵیش، هێشتا مێژووی شۆڕشی ئەمریکا گەلێک لایەنی نادیاری ماوە کە پێویستە ئاشکرا بکرێن.
