سەرۆکی فیفا: مێسی زۆر سەرسامی کردووم
ئینفانتینۆ: لە یارییەکەی ئەرجەنتین و کاپ ڤێردی تووشی دڵەڕاوکێ بووم
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان لە لێدوانێکدا رایگەیاند ئاستی مێسی وەک هەمیشە لەو مۆندیالەش سەرسامی کردووە، دەشڵێت: لیۆ هەمیشە دڵخۆشمان دەکات، هەموومان مێسی باش دەناسین، ئەو بەراستی ناوازە و دەگمەنە.
جیانی ئینفانتینۆ لە یاریی ئەرجەنتین و کاپ ڤێردی ئامادەبوو، دوای یارییەکە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ و دەزگای میدیایی فیفا رایگەیاند ئەستێرەکان لە مۆندیالی 2026 ئاستێکی ناوازە پیشکەش دەکەن لە سەرووی هەموویانەوە لیۆنێل مێسی هاوشێوەی مۆندیالی 2022 لە لوتکەی ئاستی خۆیدایە.
ئینفانتینۆ گۆتیشی: مێسی هێشتا دەجەنگێت و لە یاریکردن و گۆڵکردن بەردەوامە، هێشتا لیۆ سەرچاوەی بەخشینی هێز و وزەیە بۆ پێکهاتەی وڵاتەکەی. لەگەڵ ئەوەشدا لەو مۆندیالە تیپی باش و یاریزانی نوێمان ناسی، بەتایبەتی لە یارییەکەی کاپ ڤێردی، یەکێک لەوانە ڤۆزینیا گۆڵپارێزی کاپ ڤێردی، بەراستی ئەو یارییەی ئەرجەنتین و کاپ ڤێردی پڕبوو لە قەلەقی و دڵەڕاوکێ، بەڵام یارییەکە زۆر خەیاڵی بوو، تانەت بۆ ئەوانەی کە هاندەری هیچ لەلایەکیشیان نەبوون زۆر چێژبەخش بوو.
لە بەرسیڤێکدا ئینفانتینۆ لەبارەی ئەو هەموو پێشوازییەی لەلایەن خەڵکی ئەرجەنتین لێی دەکرێت، گۆتی: باوەشی گەرم بۆ هەموو ئەرجەنتین دەنێرم و پیرۆزباییان لێدەکەم بە بۆنەی گەیشتنیان بۆ قۆناخی 16ـی مۆندیال.
مۆندیالی 2026، بۆ یەکەمجارە بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە بەڕێوە دەچێت، 16 هەڵبژاردە بە فەرمی گەیشتوونەتە قۆناخی داهاتووی مۆندیالی 2026: ئەرجەنتین، بەرازیل، فەرەنسا، نەرویج، پۆرتوگال، مەغریب، مەکسیک، پاراگوای، کەنەدا، ئەمریکا، ئینگلاند، ئەمریکا، بەلجیکا، سویسرا، کۆلۆمبیا و میسر.