پرۆژەیاسایەکی نوێ؛ ئازادیی رۆژنامەگەری لە بەریتانیا دەخاتە مەترسییەوە

پڕۆژەیاسایەکی نوێی ئاسایشی نیشتمانی لە بەریتانیا مشتومڕێکی بەربڵاوی ناوەتەوە، ئەمەش دوای هۆشداریی لایەنە یاساییەکان لەوەی کە رەنگە سنووردارێتی بخاتە سەر ئازادیی رادەربڕین و کاری رۆژنامەنووسی، بە جۆرێک کە سزاکانی لە هەندێک حاڵەتدا دەگاتە 14 ساڵ زیندانییەکردن.

ماڵپەڕی "زێتیۆ یو کەی"، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، پڕۆژەیاسایەکی نوێی ئاسایشی نیشتمانی لە بەریتانیا، کە حکوومەتەکەی کییەر ستارمر، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، پاڵپشتی دەکات، رەنگە کۆتوبەندێکی بەربڵاو بخاتە سەر ئازادیی رادەربڕین و کاری رۆژنامەنووسی.

بە پێی رەشنووسی پرۆژەیاساکە، ئەگەری هەیە رۆژنامەنووس بۆ ماوەی 14 ساڵ زیندانی بکرێن، ئەگەر بێتو هەواڵێک لەسەر ئەو گرووپانە بکات کە بەریتانیا بە تیرۆریست ناساندوونی یان لێدوانیان لێ وەربگرێت، بۆ نموونە لێدوان وەرگرتن لە بزووتنەوەی حەماس.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ژمارەیەک پسپۆڕی یاسایی و راوێژکارانی تایبەت بە یاساکانی دژەتیرۆر، داوایان کردووە رەشنووسی پرۆژەیاساکە هەموار بکرێتەوە بە شێوازێک کە گرەنتی تاوانبارنەکردنی کاری رۆژنامەنووسی و پاراستنی ئازادیی رادەربڕین بکات.

لە بەرامبەردا، حکوومەتی بەریتانیا جەخت دەکاتەوە کە ئامانج لەم پرۆژەیاسایە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەیە کە پەیوەستن بە وڵاتانی دەرەکی و بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی، نەک سنووردارکردنی رۆژنامەگەری یان ئازادیی بڵاوکردنەوە.

رەشنووسی ئەم پرۆژەیاسایە کێشە و مشتومڕێکی بەربڵاوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیدا هێناوە و بەشێک لە بەکارهێنەران رەخنەیان توندیان لێ گرتووە.

بە پێێ هەواڵی ماڵپەڕەکە، حکوومەتەکەی ستارمر بەردەوامە لە پێشخستنی رەشنووسی پرۆژەیاسای ئاسایشی نیشتمانی کە ئامانجی نوێکردنەوەی ئەو یاسایانەیە کە تایبەتن بە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی پەیوەست بە وڵاتانی بیانی. 

بە بڕوای رێکخراوە مافخوازییەکان، ئەم پرۆژەیاسایە ئەگەر پەسەند بکرێت، پاشەکشەیەکی روونە لە پانتایی ئازادیی رادەربڕین لە بەریتانیا، چونکە رێگری لە کاری ئەو رۆژنامەنووس و توێژەرانە دەکات کە رووماڵ یان لێکۆڵینەوە لە دیاردە سیاسییەکان دەکەن وەک بەشێک لە کارەکەیان؛ چونکە بە پێی یاساکانی ئازادیی رادەربڕین، گواستنەوەی هەواڵ لەبارەی قەوارە یان گرووپێکەوە کە بەریتانیا وەک گروپێکی تیرۆریستی پۆلێنی کردوون، یان لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لەسەریان، بەشێکە لە پانتایی ئازادی و مافێکی پارێزراوی خەڵکە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، نەک پشتگیریکردن لەو گرووپە قەدەغەکراوانە.