ئەمریکا: لە رۆژانی مۆندیال دەستمان بەسەر 600 درۆندا گرتووە

نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (FBI) رایگەیاند، بەهۆی هەماهەنگییەکی بێوێنە لەنێوان دەزگا ئەمنییەکان، دەستیان بەسەر زیاتر لە 600 فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا (درۆن) گرتووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئاسمانی ئەو شارانەی ئەمریکادا فڕیون کە میوانداری یارییەکانی مۆندیالی 2026 دەکەن.

نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا ناسراو بە (FBI) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردەوە، لە دەستپێکی مۆندیالەوە تاوەکو ئێستا، بە هاوکاری وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی، توانیویانە لە هەر 11 شارە ئەمریکییەکەی کە یارییەکانی تێدا بەڕێوەدەچێت، دەست بەسەر 600 درۆندا بگرن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی FBI، ئەو درۆنانە لەو ناوچانەدا بینراون کە ناوچەی دژەفڕینن، ئەمەش وەک رێکارێکی ئەمنی بۆ پاراستنی سەلامەتی هاندەران و یاریزانان و بەڕێوەچوونی یارییەکان بە شێوەیەکی ئارام.

لە دەستپێکی مۆندیالیش، بەرپرسی رێکخستنی مۆندیال لە ئەمریکا، رەهەندەکانی ئەو مەترسییە ئەمنییانەی ئاشکرا کرد کە رووبەڕووی وڵاتەکە دەبنەوە. جۆلیانی رایگەیاندبوو کە دەزگا ئەمنییەکان کار لەسەر پلانێکی پێشکەوتوو دەکەن بۆ رێگری لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەک، لەنێویاندا هەوڵی دزەکردنی ئەو کەسانەی گومانی پەیوەندییان بەو گرووپ یان دەوڵەتانەوە لێ دەکرێت کە واشنتن بە سەرچاوەی مەترسی دەیانبینێت، وەک ئێران.

بەگوتەی جۆلیانی، پلانە ئەمنییەکە پشت بە تەکنەلۆژیای زۆر پێشکەوتوو دەبەستێت بۆ چاودێریکردن و شیکردنەوەی داتاکانی هاندەران، شاندەکان و تەنانەت رۆژنامەوانانیش، تاوەکو هەر چالاکییەکی گوماناوی پێش روودانی ئاشکرا بکرێت. ئەو بەرپرسە جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم مۆندیالە گەورەترین تەحەددای ئەمنییە لە مێژووی ئەمریکادا و ئەو سیستمەی پەیڕەو دەکرێت "ئاڵۆزترین سیستمی ئەمنییە لە مێژووی رێوڕەسمە وەرزشییە گەورەکاندا."