پارتی و عەزم: پاراستنی هاوسەنگییە نیشتمانییەکان بۆ سەقامگیریی عێراق گرنگە

شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەغدا لەگەڵ سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە و دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و کۆمەڵێک دۆسیەی جێی بایەخی هاوبەشیان تاوتوێ کرد.

یەکشەممە، 5ـی تەممووزی 2026، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، سەردانی بارەگای هاوپەیمانیی عەزم لە بەغدا کرد و لە لایەن ئەندامانی دەستەی سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکەوە پێشوازیی لێ کرا.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە رایەگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسیی وڵات لەگەڵ کۆمەڵێک دۆسیەی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ کران.

بە پێی راگەیەنراوەکە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چەسپاندنی گفتوگۆ لە نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراقدا کردەوە، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی سیاسی و دروستکردنی کەشێکی ئەرێنی لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا، بە شێوازێک کە خزمەت بە پرۆسەی سیاسیی وڵات بکات.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی هاوسەنگییە نیشتمانییەکان و چەسپاندنی بنەمای هاوبەشیی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە فیدراڵییەکاندا، بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی گشتی و سەقامگیریی گشتگیر لە عێراقدا زامن بکات.