بازرگانیی دەریایی نێوان ئێران و قەتەر دەستیپێکردەوە
بەرپرسی بازرگانیی ئێران لە دەوحە رایگەیاند، هێڵی بازرگانیی دەریایی نێوان ئێران و قەتەر دوای پێنج مانگ لە راگرتنی بەهۆی ململانێ سەربازییەکانەوە، بە فەرمی دەستیپێکردووەتەوە؛ ئەمەش دوابەدوای لێکتێگەیشتنە ئەمنییەکەی مانگی رابردووی نێوان واشنتن و تاران دێت بۆ ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی کەشتیوانی لە کەنداودا.
یەکشەممە 5ـی تەممووزی 2026، عەباس عەبدولخانی، بەرپرسی بازرگانیی ئێران لە دەوحە ، بە میدیاکانی راگەیاند، گەشتە بازرگانییە دەریاییەکانی نێوان بەندەری دەیەری ئێران و بەندەری رووەیسی قەتەر دەستیانپێکردووەتەوە. دابینکردنەوەی ئەم هێڵە بازرگانییە دوای هەماهەنگیی نزیکی نێوان باڵیۆزخانەی ئێران لە دەوحە و دەسەڵاتدارانی قەتەر جێبەجێ کراوە.
هەردوو بەندەرەکە پێگەیەکی سەرەکییان لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ناوچەکەدا هەیە، بەتایبەت بەندەری دەیەری ئێرانی کە لە ماوەی جەنگەکەدا چەندین جار زیانی پێگەیشتبوو و بۆردومان کرابوو.
ئەم دەستپێکردنەوەیەی بازرگانیی دەریایی، دوای لێکتێگەیشتنی کاتیی مانگی رابردووی نێوان تاران و واشنتن دێت کە تێیدا کۆتاییهێنان بە جەنگی چوار مانگەی نێوانیان ڕاگەیاندرا، ڕێککەوتنەکەش مەرجی گەڕانەوەی هاتوچۆی کەشتیوانیی دەریایی لە کەنداوی بۆ پێش جەنگ چەسپاندووە، هەرچەندە هێشتا هاتوچۆ لە دەروازەکانی کەنداو تا رادەیەک رکابەریی لەسەرە.
لە لایەکی دیکەوە، گەڕانەوەی بازرگانیی دەریایی تەنیا قەتەر ناگرێتەوە؛ لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا، بەرپرسێکی رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران رایگەیاندبوو، کاڵا و شتومەکە ئێرانییەکان لە بەندەری جەبەل عەلی لە ئیمارات دەرکراون. بەندەری جەبەل عەلی گەورەترین بەندەری ناوچەکەیە و دەستپێکردنەوەی کارکردن تێیدا ئاماژەیە بۆ ئاساییبوونەوەی قۆناخ بە قۆناخی بازرگانی لە نێوان هەردوو بەری کەنداودا.