لە مانگی ئابەوە؛ ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت زیاد دەکات
وڵاتانی هاوپەیمان لە ئۆپێک پڵەس، لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریان دا لە مانگی ئابی داهاتووەوە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 188 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکەن؛ ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ هاوسەنگکردنەوەی بازاڕی وزە کە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە زیانی بەرکەوتووە.
یەکشەممە، 5ـی تەمووزی 2026، حەوت وڵاتی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لە بە شێوەی ئۆنلاین کۆبوونەوە و بڕیاریان دا لە مانگی ئابی داهاتووەوە، قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 188 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکەن.
ئەم بڕیارەی ئۆپێک پڵەس لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئەندام تاوەکوو ئێستا کەمتر لەو پشکە بەرهەم دەهێنن کە وەک پشکی بەرهەمهێنان بۆیان دیاریی کراوە.
سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 28ـی شوباتی ئەمساڵدا، زیانێکی گەورەی بە کەرتی وزەی ناوچەکە گەیاند. هێرشەکانی ئەمریکا بوونە هۆی پەکخستنی ژێرخانی نەوتی ئێران، لە بەرامبەریشدا تاران لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە دامەزراوە نەوتییەکانی وڵاتانی کەنداوی کردە ئامانج، ئەمەش توانای گشتیی بەرهەمهێنانی نەوتی ناوچەکەی بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزاند.
لە لایەکی دیکەوە، داخرانی گەرووی هورمز کێشەیەکی گەورەی لە بەردەم هەناردەکردنی نەوتدا دروست کرد؛ بە جۆرێک کۆگاکانی ناوچەکە پڕ بوون لە نەوت و وڵاتان ناچار بوون بۆ ماوەیەک بەرهەمهێنان لە کێڵگەکاندا رابگرن. هەرچەندە ئێستا گەرووەکە کراوەتەوە، بەڵام هەناردەی نەوت هێشتا نەگەیشتووەتەوە ئاستی پێش قەیرانەکە.
لەم بارەیەوە، شرۆڤەکارانی بانکی "یوو بی ئێس"ـی سویسری ئاماژە بەوە دەکەن، کە هاوسەنگبوونەوەی بازاڕ پێویستی بە کاتە و پێشبینی دەکرێت گۆڕانکارییەکان دوای مانگی ئاب دەربکەون.
بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی تایبەت بە قەبارەی هەناردەکردنی نەوت بۆ مانگی حوزەیرانی رابردوو، وڵاتانی سعوودیە، عێراق، ئیمارات، ئێران و کوەیت لەو مانگەدا تەنیا نۆ ملیۆن بەرمیل نەوتیان ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، لە کاتێکدا قەبارەی هەناردەی ئەم وڵاتانە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە 16 ملیۆن بەرمیل بووە.
ئێستا، وڵاتانی کەنداو هەوڵ دەدەن بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بخەنە گەڕ تاوەکوو بەشێک لە زیانە داراییەکانی جەنگ قەرەبوو بکەنەوە. لەم نێوەندەشدا عێراق پلانێکی ستراتیژیی داڕشتووە بۆ گەیاندنی بەرهەمهێنانی نەوت بە پێنج ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و بە فەرمیش داوای زیادکردنی پشکی خۆی لە هاوپەیمانییەکەدا کردووە.
هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، کە پێشتر لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا توانیبووی لە ڕێگەی سیاسەتی کەمکردنەوەی خستنەڕووەوە بازاڕی نەوت لە هەرەسهێنان ڕزگار بکات، ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی ئاڵۆزدایە. هێشتنەوەی نرخ لە ئاستی ئێستایدا هەم بۆ بەرهەمهێنەران و هەم بۆ کڕیارانیش گونجاوە، بەڵام گەورەترین مەترسی لەسەر ناوخۆی هاوپەیمانییەکەیە؛ بەو پێیەی ترسی ئەوە هەیە هاوشێوەی ئیمارات، وڵاتانی دیکەش بەهۆی ناکۆکییەوە بڕیاری جیابوونەوە بدەن، ئەمەش کۆنترۆڵی رێکخراوەکە بەسەر بازاڕی وزەی جیهانیدا لاواز دەکات. لەبەر ئەم هۆکارانەش بوو کە پێشتر پێشبینی بڕیارێکی لەم شێوەیە بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان دەکرا.
وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس پێداگرییان لەسەر بەردەوامی و پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوانیان کردەوە و بڕیاریان دا لە 2ـی ئابی ئەمساڵدا دووبارە کۆببنەوە بە مەبەستی پێداچوونەوە بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتدا.