وەزارەتی ئەوقاف سندوقی سکاڵاکان کارا دەکاتەوە

وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی سیستەمی سندوقی سکاڵاکانی راگەیاند. لای خۆیەوە بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی گوێگرتنی زیاتر لە پێشنیاز و کێشەکانی هاووڵاتییان و دڵنیابوونەوە لە چارەسەرکردنیانە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026،  رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند؛ هاووڵاتییان دەتوانن بە سێ ڕێگەی جیاواز سکاڵا و پێشنیازەکانیان بگەیەنن:، راستەوخۆ لە رێگەی فۆرمی ناو سندوقەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکان، لە رێگەی ئیمەیڵی تایبەتی وەزارەت و لە رێگەی ئەو دوو ژمارە تەلەفۆنەی کە بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکراون.

لە ناو وەزارەتی ئەوقافدا بەشی سکاڵا پێکهێنراوە کە رۆژانە و هەفتانە سەرپەرشتی سکاڵاکان دەکات. پرۆسەکە بەو شێوەیەیە کە سکاڵاکان بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی بەشە پەیوەندیدارەکان دەکرێن بۆ وەڵامدانەوە. بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان "هیچ سکاڵایەک پشتگوێ ناخرێت" و هەموویان تۆمار دەکرێن.

سەبارەت بەوەی سکاڵاکان لە کوێ چارەسەر دەکرێن، رۆژگار جەعفەر رایگەیاند: "سەرەتا بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ئەوقاف لە پارێزگاکان (وەک سلێمانی، دهۆک، گەرمیان و هتد) هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن، ئەگەر لەوێ چارەسەر نەکرا، دەگەرێتەوە بۆ بەشی سکاڵا لە ناو دیوانی وەزارەت بۆ ئەوەی لەوێ بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت."

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم سیستەمە ئەوەیە تەنیا بۆ ئایینێکی دیاریکراو نییە. بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی جەختی کردەوە، سندوقی سکاڵاکان هەموو ئایین و ئایینزاکانی کوردستان (مەسیحی، ئێزیدی، کاکەیی و هتد) دەگرێتەوە. بۆ نموونە، هەر سکاڵایەکی مەسیحییەکان لە عەنکاوە، کۆیە یان هەر شوێنێکی دیکە هەبێت، وەزارەت دەیگەیەنێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مەسیحییەکان بۆ وەڵامدانەوە.

ئەم هەنگاوەی وەزارەتی ئەوقاف وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ شەفافیەت و دروستکردنی پردێکی پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوان هاووڵاتییان و دامەزراوە ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی.