کرێملین: ترەمپ و پووتین بەم نزیکانە گفتوگۆ دەکەن

گوتەبێژی کرێملن رایگەیاند، هەر دوو سەرۆکی ئەمریکا و رووسیا رێککەوتوون لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا پەیوەندی بە یەکترەوە بکەنەوە؛ ئەم لێدوانەش هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی ترەمپ بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە تورکیا.

دووشەممە 6ـی تەممووزی 2026، دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) رایگەیاند، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی کۆتایی هەفتەدا، رێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکانیان لە "داهاتوویەکی زۆر نزیکدا"؛ پێشهاتێک کە ئاماژەیە بۆ ئەگەری گفتوگۆکردنی تەلەفۆنیی هەردوولا لەم هەفتەیەدا لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا.

دمیتری پێسکۆڤ پشتڕاستی کردەوە، هەردوو سەرۆک لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکان رێککەوتوون و ستایشی متمانە و تێڕوانینی ترەمپی کرد لەم ململانێیەدا؛ هەروەها گوتی: "هەموو ئەو پڕوپاگەندانەی باس لە گۆڕینی خێرا و ئاسانی بۆچوونەکانی ترەمپ دەکەن، تەواو درۆن. ترەمپ زۆر بە جێگیری و متمانەوە تێگەیشتنی بۆ پێشهاتەکان هەیە، بەڵام خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە کە ناوبراو هەمیشە کراوەیە بۆ بیستن و گوێگرتن لەو روونکردنەوە و زانیارییانەی کە پووتین گوزارشتیان لێ دەکات."

ئەم راگەیاندنەی کرێملین دوای ئەوە دێت کە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی دوێنێ ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ پلانی داناوە رۆژی چوارشەممە لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە تورکیا لەگەڵ ڤلۆدێمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببێتەوە؛ ئامانجی سەرەکیش لەم دیدارە دەستپێکردنی دەستپێشخەرییەکی نوێی سیاسییە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.

چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئەمریکا راستەوخۆ دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ زێلێنسکی، پەیوەندیی تەلەفۆنی بە پووتینەوە بکاتەوە تا ئەنجامەکان تاوتوێ بکەن.

شەممە 4ـی تەممووزی 2026، لە یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری دەرەوە رایگەیاندبوو، ترەمپ و پووتین، بۆ ماوەی 90 خولەک پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان کرد؛ ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی ترەمپدایە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ لە تورکیا کە بڕیارە لە رۆژانی 7 و 8ی تەممووزدا بەڕێوەبچێت.

ئوشاکۆڤ سەبارەت بە ناوەڕۆکی گفتوگۆکەی نێوان ترەمپ و پووتین ئاشکرای کرد: "سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە جەختی لە ئامادەیی تەواوی خۆی کردەوە بۆ کارکردن بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەرێکی خێرا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە کردەوە."

یاریدەدەرەکەی سەرۆکی رووسیا گفتوگۆکەی نێوانیانی بە بنیاتنەر ناوبرد و جەختی کردەوە، مۆسکۆش بەدوای چارەسەرێکی سیاسی و دیپلۆماسیدا دەگەڕێت کە بە تەواوی ڕەچاوی بنەما سەرەکییەکانی رووسیا بکات.

ئوشاکۆڤ لایەنە ئەوروپییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە دەیانەوێت شەڕەکە درێژە بکێشێت و پەرە بستێنێت و ئاماژەی بەوەش دا، پووتین لە کاتی تەلەفۆنەکەدا "وێنەی راستەقینەی مەیدانی جەنگەکەی بۆ ترەمپ روون کردووەتەوە کە تێیدا هێزەکانی رووسیا بە شێوازێکی سیستماتیک لە پێشڕەوی دان.

ئوشاکۆڤ لە زاری ترەمپەوە ئاشکرای کرد، ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نێردە تایبەتەکانی ترەمپ، بەردەوام دەبن لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی و ئامادەن لە پێناو چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکاندا، جارێکی دیکە سەردانی مۆسکۆ بکەنەوە.