رۆساتۆم کارمەندەکانی دەگەڕێنێتەوە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر

کۆمپانیای رۆساتۆم بڵاویکردەوە، بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا کارمەندەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەهۆی جەنگی 28ـی شوباتی رابردووەوە، سەدان لە کارمەندەکانی لەو وڵاتە کێشابووەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس بە پشتبەستن بە لێدوانی فەرمیی سەرۆکی کۆمپانیای کۆمپانیای وزەی ئەتۆمیی رووسیا "ڕۆساتۆم" بڵاوی کردەوە، کۆمپانیایەکە پلانی داناوە لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا کارمەندان و ئەندازیارەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ وێستگەی ئەتۆمیی "بوشەهر" لە ئێران بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی کارەکانی پڕۆژەکە.

کۆمپانیای رۆساتۆم کە ئێستا سەرقاڵی بنیاتنانی دوو یەکەی نوێی وزەی ئەتۆمییە لە وێستگەی بوشەهر، پێشتر و لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوودا، سەدان لە کارمەند و ئەندازیارەکانی بە شێوەیەکی کاتی لە ئێران کێشابووەوە بە مەبەستی پاراستنی ژیانیان لە هێرشە سەربازییەکان.

شەممە 4ـی نیسانی 2026 ئەلێکسی لیخاچێڤ، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی رووسیا (رۆساتۆم)، لە لێدوانێکدا لە شاری یەکاتێرینبورگ رایگەیاندبوو: " 198 پسپۆڕ و کارمەندی رووسی بە کاروانێکی پاس لە بوشەهرەوە بەرەو سنووری ئەرمەنستان بەڕێکەوتوون.

هەروەها دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، ئەلێکسی لیخاچێڤ، رایگەیاندبوو پرۆسەی کۆتایی گۆڕینی کارمەندانیان لە وێستگەی بوشەهر دەستپێکردووە. بەگوێرەی گوتەکانی لیخاچێڤ، 108 کارمەند لە وێستگەکە کشێنراونەتەوە و تەنیا 20 کەس لە بەڕێوەبەرە باڵاکان و بەرپرسانی ئامێرەکان لە وێستگەکەدا ماونەتەوە.

ئەم بڕیارەی رووسیا بۆ ناردنەوەی کارمەندەکانی بۆ ئێران، هاوکاتە لەگەڵ جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتن و ئاگربەستی کاتیی ئەم دواییەی نێوان واشنتن و تاران، کە بووەتە هۆی هێوربوونەوەی دۆخی ناوچەکە و دەستپێکردنەوەی گەشتە بازرگانی و کەشتیوانییەکان لە کەنداودا. گەڕانەوەی کارمەندانی رۆساتۆم نیشانەیەکی تری ئەرێنییە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژە نێودەوڵەتی و ستراتیژییە گرنگەکان لە ئێراندا.