سلێمانی.. فایەق حەمە ساڵح چیرۆکی ژیانی کاکە حەمە بێنامووس بە وێنە دەگێڕێتەوە
فایەق حەمە ساڵح، فۆتۆگرافەری کورد، پێشانگەیەکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر ژیانی "کاکە حەمە بێنامووس"، لە سلێمانی لە چایخانەی سەیدای بادینی کردەوە و دەڵێت، "ناوەڕۆکی پێشانگەکە سەرنجی خۆی لەسەر ئەو ساتانە چڕ کردووەتەوە کە حەمە بێنامووس بە بێ ساختەکاری لەگەڵ ژیانی رۆژانە تێکەڵ دەبێت؛ لە شەقام، لە کۆبوونەوەکان، لە گفتوگۆ لەگەڵ خەڵک و لە چرکەساتە سادەکاندا."
ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی تەمموزی 2026، فایەق حەمە ساڵح، فۆتۆگرافەری کورد بە کوردستان24ی گوت، "کردنەوەی ئەو پێشانگەیە تەنیا کۆکردنەوەی چەند وێنەیەکی جوانی کاکە حەمە بێنامووس نییە، بەڵکو دۆکیۆمێنتێکی هونەری و مرۆڤایەتییە بۆ ژیان و کەسایەتی کاکە حەمە بێنامووس؛ پیاوێک کە بە سادەیی، قسە خۆشی و پەیوەندی نزیکی لەگەڵ خەڵک، بووەتە یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییە جەماوەرییەکانی شاری سلێمانی."
فایەق حەمە ساڵح گوتیشی، "من لەم پێشانگەیەدا هەوڵم داوە ژیانی رۆژانەی حەمە بێنامووس لە رێگەی زمانی وێنەوە بگێڕمەوە. هەروەها وێنەکان تەنیا وێنەی کەسێک نین، بەڵکو چیرۆکی مرۆڤێکن کە ساڵانێکە بە هەڵسوکەوت و قسەکانی خەندە و خۆشحاڵی بۆ دەوروبەری خۆی هێناوە و بووەتە بەشێک لە یادە کۆمەڵایەتییەکانی سلێمانی."
ئەو فۆتۆگرافەرە باس لە ناوەڕۆکی پێشانگەکە دەکات و دەڵێت، "ناوەڕۆکی پێشانگەکە سەرنجی خۆی لەسەر ئەو ساتانە چڕ کردووەتەوە کە حەمە بێنامووس بە بێ ساختەکاری لەگەڵ ژیانی رۆژانە تێکەڵ دەبێت؛ لە شەقام، لە کۆبوونەوەکان، لە گفتوگۆ لەگەڵ خەڵک و لە چرکەساتە سادەکاندا. هەروەها هەر وێنەیەک هەوڵێکە بۆ پاراستنی ئەو یادانەی کە بە تێپەڕبوونی کات، دەبنە بەڵگەیەکی مێژوویی بۆ ناساندنی کەسایەتییەکی خۆشەویست."
دەربارەی رێکخستنی پڕۆژە دۆکیۆمێنتارییەکە، فایەق حەمە ساڵح دەڵێت، "من لە رێکخستنی ئەم پڕۆژە دۆکیۆمێنتارییەدا تەنیا سەرنجم لەسەر رووخساری حەمە بێنامووس نەبووە، بەڵکو هەستی ناو وێنەکان، ژینگە، دەوروبەر و پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکانم تۆمار کردووە، تاکو بینەر هەست بکات بەشێک لە ژیانی رۆژانەی ئەو کەسایەتییە ببینێت، نەک تەنیا کۆمەڵێک فۆتۆ."
فایەق حەمە ساڵح ئاماژەی بەوەش دا، "لە پێشانگەکە ئەو وێنانە پیشان دەدەم کە هونەری فۆتۆگرافی دەتوانێت لە پێناو پاراستنی بیرەوەری، تۆمارکردنی کەسایەتییە جەماوەرییەکان و گواستنەوەی راستییەکانی ژیاندا رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت. بۆیە ئەم پێشانگەیە تەنیا نمایشکردنی وێنە نییە، بەڵکو دۆکیۆمێنتکردنی بەشێک لە مێژووی کۆمەڵایەتی شاری سلێمانی و کەسێکە کە بە سادەیی و مرۆڤدۆستی لە دڵی خەڵکدا شوێنی تایبەتی هەیە."
پێشانگەی شێوەکاری "کاکە حەمە بێنامووس"، ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی تەمموزی 2026، لە سلێمانی لە چایخانەی سەیدای بادینی کرایەوە و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
کاکە حەمە بێنامووس یەکێکە لە کەسایەتییە بەخشراوەکانی شاری سلێمانی، کە بە سادەیی، مرۆڤدۆستی و قسە خۆشەکانی شوێنێکی تایبەتی لە دڵی خەڵکدا هەیە. ساڵانێکە لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاردا بە پێکەنین و گفتوگۆی خۆش لەگەڵ خەڵک ناسراوە، و زۆرێک لە دانیشتوانی سلێمانی وەک بەشێک لە ناسنامەی کۆمەڵایەتی شارەکەیان سەیری دەکەن. ئەو خۆشەویستییە جەماوەرییە و شوێنە تایبەتەی لە بیر و یادەوەری خەڵکدا هەیە، هۆکاری سەرەکی بووە بۆ ئەوەی فایەق حەمە ساڵح پڕۆژەیەکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر ژیان و رۆژانەی ئەو ئامادە بکات و لە پێشانگەیەکی تایبەت بە بینەرانی بناسێنێت.