توێژینەوەیەک: خواردنەوەی چا تەمەنی مرۆڤ درێژ دەکات
توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنی کۆمەڵێک خۆراک و خواردنەوەی دیاریکراو، وەک میوەکان، چا و چەرەسات، رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە درێژکردنی تەمەنی مرۆڤ و پاراستنی جەستە لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "Verywell health" کە پشت بە چەندین لێکۆڵینەوەی زانستی بەستراوە، ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە پێکهاتەی "فلافۆنۆیدەکان" کە دژە ئۆکسانێکی سروشتین، رۆڵیان هەیە لە کەمکردنەوەی هەوکردن و رێگرە لە تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەگرن.
گرنگترین ئەو خۆراک و خواردنەوانەی پێشنیار کراون بریتین لە:
چاى رەش و سەوز:
خواردنەوەی بەردەوامی چای سەوز یان رەش دەبێتە هۆی پاراستنی خانەکان لە تێکچوون و کەمکردنەوەی نیشانەکانی پیری. ئەو کەسانەی چا دەخۆنەوە کەمتر رووبەڕووی نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە و هەوکردنی جومگەکان دەبنەوە.
سێو و ترێ:
سێو بەهۆی دەوڵەمەندی بە دژە ئۆکسانەکان، مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە و شەکرە کەمدەکاتەوە. ترێش هاوکاری تەندروستی دڵ و مێشک دەدات و پرۆسەی میتابۆلیزم چالاک دەکات.
شۆکۆلاتەی تۆخ"Dark Chocolate":
ئەم جۆرە شۆکۆلاتەیە دەوڵەمەندە بە کاکاو، یارمەتی رێکخستنی پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵ دەدات و پارێزگاری لە تەندروستی دڵ دەکات.
پرتەقاڵ و شلیک:
پرتەقاڵ تایبەتمەندی دژە هەوکردنی هەیە و توێکڵەکەشی بڕێکی زۆر فلافۆنۆیدی تێدایە. شلیکیش رێگری لە لاوازبوونی تواناکانی مێشک دەگرێت کە بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە روودەدەن.
چەرەزات:
بادەم، فستق و گوێز، پارێزگاری لە جەستە دەکەن بەرامبەر نەخۆشییەکانی دڵ. جێی ئاماژەیە چەرەزات یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی سیستەمی خۆراکی ئەو کەسانەی لە "ناوچە شینەکان" دەژین، کە رێژەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 100 ساڵە زۆر بەرزە.
فۆڵی سۆیا:
سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی پرۆتینی رووەکییە و جەستە لە چەندین جۆری شێرپەنجە دەپارێزێت.
دکتۆ سوهەیب ئیمتیاز، بە ماڵپەڕی"Verywell health"ی راگەیاند : "خۆراک هێزێکی گەورەی هەیە لە دیاریکردنی درێژی تەمەندا؛ پەیرەوکردنی سیستەمێکی خۆراکی کە دەوڵەمەند بێت بە دژە ئۆکسانەکان، هەوکردنەکان کەمدەکاتەوە و تەندروستی خانەکانی جەستە دەپارێزێت."