رووتە ستایشی فشارەکانی ترەمپ بۆ زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکانی ناتۆ دەکات
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ لەسەر مەترسییەکانی چین و رووسیا لە جەمسەری باکوور تەواو لەسەر حەق بووە؛ رووتە هاوکات ستایشی رۆڵی سەرۆکی ئەمریکای کرد لە زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکانی هاوپەیمانان بۆ نزیکەی 5% و باسی لە دۆسیەی وەبەرهێنانەکانی ئەمریکا لە گرینلاند کرد.
سێشەممە، 7ی تەممووزی 2026 - مارک رووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پۆلیتیکۆ لە پەراوێزی لووتکەی ئەنقەرە، ستایشی تێڕوانین و فشارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد بەرانبەر هاوپەیمانان گوتی: "من تەنیا ئەوم خۆش دەوێت، پێم وایە ئەو کارانەی ئەو بۆ ناتۆ دەیکات هەواڵێکی زۆر نایاب و گەورەیە."
سکرتێری گشتیی ناتۆ روونیکردەوە کە بەهۆی هەڕەشەکانی رووسیا و بارودۆخی ئۆکرانیاوە، ئەوروپا پێویست بوو خۆی بەهێز بکات، بەڵام فشارەکانی ترەمپ ئەو پاڵنەرە پێویستە بوون کە وڵاتانی ئەندامی ناچار کرد سەرەتا بگەنە ئاستی 2%ـی خەرجییە سەربازییەکان و ئێستاش رازی ببن بە ئامانجی 5% تا ساڵی 2035.
مارک رووتە ئاشکرای کرد، لە ماوەی تەنیا یەک ساڵدا، لە ساڵی 2026دا، رێژەی خەرجییە سەربازییەکانی هاوپەیمانە ئەوروپییەکان و کەنەدا گەیشتووەتە نزیکەی 4%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی، ئەمەش پێشوەچوونێکی بێپێشینەیە لەم بوارەدا.
جەختی کردەوە، ترەمپ لەسەر پرسی جەمسەری باکوور تەواو لەسەر حەق بوو و ئاماژەی دا، "چین و ڕووسیا هەوڵ دەدەن دەستیان بەم ناوچەیە ڕابگات و چین رۆژ بە رۆژ لەم ناوچەیەدا بەهێزتر دەبێت. ئێمە لەم رووەوە کێشەی جددیمان لە کەرتی توانای بەستەڵەکشکێنەکاندا هەیە و ئێستا بە کۆمەڵ کار لەسەر چارەسەرکردنی دەکەین."
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بە بوونی لێکتێگەیشتن و هێڵێکی هاوبەشی سێ قۆڵی لە نێوان ئەمریکا، گرینلاند و دانیمارکدا کرد بۆ گەرەنتی کردنی وەبەرهێنانە ئەمنییەکانی واشنتن لە گرینلاند، بە تایبەتی لە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ناسراو بە "گۆڵدن دۆم". رووتە جەختی کردەوە کە ئەم وەبەرهێنانە ئەمنییانەی ئەمریکا بە پارێزراوی دەمێننەوە، تەنانەت ئەگەر گرینلاند پێگەی دەستووریی خۆی لە چوارچێوەی شانشینی دانیمارکدا لە ئایندەدا بگۆڕێت.