جەودەت یلماز: تورکیا دەیەوێت ببێتە یەکێک لە 10 گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری چەک لە جیهاندا

جێگری سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی لە بواری پیشەسازیی بەرگریدا هەنگاوی گەورەی ناوە و ئامانجیانە لە داهاتوویەکی نێزیکدا بچنە ڕیزبەندی 10یەکەمین وڵاتی هەناردەکاری چەک و کەرەستەی سەربازی لەسەر ئاستی جیهان.

جەودەت یلماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە گەشەی پیشەسازیی سەربازیی وڵاتەکەی رایگەیاند "ئێستا تورکیا لە پلەی 11یەمی وڵاتانی هەناردەکاری بەرگرییە لەسەر ئاستی جیهان، لە داهاتوویەکی نێزیکیشدا ئامانجمانە پێگەی خۆمان بەرز بکەینەوە بۆ ناو ڕیزبەندی 10وڵاتی یەکەم."

سەبارەت بە داهاتی هەناردەی سەربازی، یلماز ئاشکرای کرد کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، قەبارەی هەناردەی تورکیا لە بواری پیشەسازیی بەرگری و فڕۆکەوانیدا 11 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە زیاتر لە نیوەی ئەو هەناردەیە بۆ وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا بووە.

جێگری سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لە پێگەی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی "تورکیا بەشدارییەکی سەرەکییە لە پایەی ئەوروپیی ناتۆ، بۆیە پێویستە رێگەی پێ بدرێت بەشداری لە هەموو دەسپێشخەرییە بەرگریی و ئەمنییەکانی ئەوروپا و بەتایبەت یەکێتی ئەوروپادا بکات."

لە کۆتاییدا، جەودەت یلماز رەخنەی لەو سنووردارکردنانە گرت کە لەلایەن هەندێک لە هاوپەیمانەکانیانەوە خراوەتە سەر ئەنقەرە و گوتی "پێویستە بە هەموو شێوەیەک سزا و سنووردارکردنە بازرگانییەکانی نێوان هاوپەیمانانی ناتۆ لە بواری بەرگریدا کۆتاییان پێ بهێنرێت؛ ئەو کۆتوبەندە بێمانایانە دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن."