دادگای فەرەنسا رێگەی بە مارین لۆ پێندا خۆی بۆ سەرۆکایەتیی فەرەنسا کاندید بکات

دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس سزای قەدەخەکردنی کارکردنی سیاسی و بێبەشکردنی لە خۆکاندیدکردنی بۆ مارین لۆ پێن، سەرکردەی راستڕەوی توندڕەو هەڵگرت، ئەمەش رێگەی پێدەدات بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی نیسانی 2027دا بکات.

سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس سزای قەدەخەکردنی کارکردنی سیاسی و بێبەشکردنی لە خۆکاندیدکردنی بۆ مارین لۆ پێن، سەرکردەی دیاری پارتی راستڕەوی توندڕەوی "کۆبوونەوەی نیشتمانی" هەڵگرت، بەپێی بڕیاری نوێی دادگا، سزای پێنج ساڵ لەسەر لۆ پێن بۆ 30 مانگ هەڵپەسێردراوە، ئەمەش پێگەی یاسایی لۆ پێن دەپارێزێت تا بتوانێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی نیسانی 2027دا خۆی کاندید بکاتەوە

سەرەڕای لادانی ئەم بەربەستە یاساییە، دادگای تێهەڵچوونەوە تاوانی دزینی بودجەی پەرلەمانی ئەوروپای بەسەر لۆ پێندا هێشتەوە و سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند و بڕیاردرا ساڵێک لەو سزایە لە ژێر چاودێریی تونددا و لە رێگەی بەستنی بازنەیەکی ئەلیکترۆنی بە دەوری قاچیدا تێپەڕێنێت.

میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن، جێبەجێکردنی ئەم سزایە ئاڵۆزیی گەورە لە بەردەم کەمپەینی سەرۆکایەتیی لۆ پێندا دروست دەکات، چونکە دادوەر کاتژمێری فەرمی مانەوەی لە ماڵەوە بەسەردا دەسەپێنێت و ناتوانێت بە ئازادی گەشت بە شارەکانی فەرەنسادا بکات. هەرچەندە لە رووی یاساییەوە دەتوانێت دوای چەند مانگێک لە رەفتاری باش داوای لادانی بازنەکە بکات، بەڵام لۆ پێن پێشتر رایگەیاندبوو کە بەستنی ئەم ئامێرە متمانە و پێگەی سیاسیی ئەو لە کاتی کەمپەینەکاندا تێکدەدات.

ئەم بڕیارە ئاڵۆزە بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی ستراتیژیی نوێ لە نێو پارتی کۆبوونەوەی نیشتمانیدا، بڕیارە لۆ پێن ئەمشەو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیی راستەوخۆدا لەسەر کەناڵی فەرمیی فەرەنسی "TF1" قسە لەسەر داهاتووی سیاسیی خۆی بکات دوای ئەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی پارتەکەی کۆبووەوە.

راپرسییە نوێیەکان نیشان دەدەن کە هەردوو سەرکردەی راستڕەوەکان پێگەیەکی زۆر بەهێزیان هەیە و تەنانەت لە هەندێک راپرسیدا باردێلا چانسی سەرکەوتنی لە لۆ پێن زیاترە لە خولی یەکەمدا.

چوارشەممە 1ی تەممووزی 2026، مۆد برێگۆن، گوتەبێژی حکوومەتی فەرەنسا، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی، رایگەیاند خولی یەکەمی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە لە 18ی نیسانی 2027دا بەڕێوەدەچێت، و خولی دووەم و یەکلاکەرەوەش لە 2ی ئایاری هەمان ساڵدا ئەنجام دەدرێت.