دهۆک دوو یاریزانی پیشەگەری ئێرانی دەگوازێتەوە

ژمارەی یاریزانە نوێیەکانی دهۆک لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە گەیشتە 14 یاریزان

سینا مۆریدی و محەمەد رەزا
سینا مۆریدی و محەمەد رەزا

دهۆک لەژێر سەرپەرشتی یەحیا گۆڵمحەمەدی راهێنەری نوێی یانەکە گرێبەستی لەگەڵ دوو یاریزانی دیکەی ئێرانی واژۆ کرد و ژمارەی یاریزانە نوێیەکانی دهۆک لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە گەیشتە 14 یاریزان، جگە لەوەش گرێبەستی 12 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێکردووەتەوە.
بەگويرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یانەی دهۆک لەسەر داوای یەحیا گۆڵمحەمەدی گرێبەستی لەگەڵ سینا مۆریدی و محەمەد رەزا واژۆ کردووە کە هەردووکیان تەمەنیان 30 ساڵە و گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەی فوولادی ئێرانی کۆتایی هاتووە و ئێستا بێ یانەن، ئەم دوو یاریزانە بۆ وەرزی نوێ یەکەمین ئەزموون لەگەڵ هەڵۆیەکانی بادینان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق تاقی دەکەنەوە.
سینا مۆریدی، لە دڵی بەرگری و ناوەڕاست بە قاچی چەپ یاری دەکات، لە کاروانی یاریکردنی تەنیا یاریی بۆ 3 یانەی ئێرانی کردووە کە پێکهاتووە لە سایپا، سناعات نەفت و فوولاد، زۆرترین یاری لە کاروانی یاریکردنی بە درێسی فوولاد بووە و لە کۆی 164 یاری 3 گۆڵ و 2 ئەسیستی کردووە.
محەمەد رەزا، وەکو هێرشبەری ناوەند و سەرەڕم یاری دەکات و زۆرترین یاری بە درێسی سایپای ئێرانی بووە لە کۆی 94 یاری 11 گۆڵ و 4 ئەسیستی کردووە، لە دوایین وەرزی لەگەڵ فوولاد لە کۆی 43 یاری 13 گۆڵی کردووە.
گواستنەوەی سینا مۆریدی و محەمەد رەزا لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو دهۆک سينا ئەسەد بەگی ناوەراستکاریشی لە خولی ئێرانی گواستەوە، بەمەش ژمارەی یاریزانە پیشەگەرە ئێرانییەکان لەگەڵ یانەی دهۆک دەبێتە 3 یاریزانی ئێرانی.
دهۆک لەم هاوینە گرێبەستی لەگەڵ 12 یاریزانی دیکە کردووە کە پێکهاتوون لە ئیگۆر هێنریک، هێرشبەری سەرەڕمی بەرازیلی لەگەڵ کارسان دۆسکی برای میرخاس دۆسکی، مەحموود مەواسی سووری و رێوان ئەمین و هادی ساڵح و کومەیل سەعدی، سان موستەفا، سینا ئەسەدبێگی، رایكار دۆس سانتۆسی بەرگریكاری بەرازیلی، موهەنەد جەعاز بەرگریکاری پێشووی سارپسبۆرگی نەرویجی، رەزا ماجی یاریزانی مەغریبی، یوونس حەموود، هێرشبەری پێشووی یانەی کەرخ.
دهۆک بۆ وەرزی نوێ گرێبەستی 13 یاریزانی نوێ کردووەتەوە، ئەحمەد عەلی، پاشەنگ عەبدوڵڵا، سەفا هادی، مستەفا نەواف، بڵند ئازاد، ژیار ئیبراهیم، بەیار ئەبوبەکر، حەسەن عیماد، سەدیق جەمال، سیابەند عەگید، ئەحمەد بەشار و یووسف ئیمام، بەڵام دەنگۆیەکی بەهێز هەیە یووسف ئیمام پەیوەندی بە یانەی زەورا بکات.