پزیشکیان گەیشتە نەجەف

سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پارێزگای نەجەفی پێشوازی لە سەرۆک کۆماری ئێران کرد کە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی گەیشتووەتە عێراق؛ لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێداویستییەکانی داهاتوو بۆ راگرتنی ململانێکان تاوتوێ کران

سێشەممە، 7ی تەممووزی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیران، لە پارێزگای نەجەف پێشوازی لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد. پزیشکیان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردن و بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتووەتە عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، زەیدی لە دیدارەکەدا دووبارە هاوخەمیی قووڵی خۆی ئاراستەی حکوومەت و گەلی ئێران کرد بەهۆی کۆچی دوایی عەلی خامنەیی رێبەرەی کۆچکردووی ئێران؛ هاوکات جەختی لە قووڵیی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران و ئارەزووی بەغدا بۆ پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە لە کایە جیاوازەکاندا کردەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوکات سەرنجی خستە سەر گرنگی قۆناخی داهاتووی ناوچەکە و جەختی کردەوە کە گۆڕانکارییەکان پێویستیان بە وریایی و هەماهەنگیی ورد هەیە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بە ئامانجی چەسپاندنی سەقامگیری و کۆتاییهێنان بە ململانێ و جەنگەکان.

لە راگەیەندراوەکەی، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هاتووە، سەرۆکی ئێران سوپاس و پێزانینی تارانی ئاراستەی حکوومەت و گەلی عێراق کرد بۆ هەڵوێستیان لەم پێشهاتانەدا، و ستایشی کارئاسانییە گەورەکانی لایەنی عێراقی کرد بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی پرسەکە لە شارە مێژوویی و ئاینییەکاندا.

پزیشکیان پابەندبوونی خۆی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دووپات کردەوە و لە کۆتایی دیدارەکەدا، بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی پێشکەشی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد بۆ سەردانیکردنی تاران، بە ئامانجی پەرەپێدانی زیاتری هاوکاری و هاوبەشیی ستراتیژی لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکان ناوچەییەکاندا.