قەتەر: ئێران لە هێرشکردنە سەر دوو کەشتییە نەوتهەڵگرەکە بەرپرسیارە
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر هێرشکردنە سەر سێ کەشتی نەوتهەڵگری لە گەرووی هورمز سەرکۆنە کرد و ئێرانی بە بەرپرسیاری یاسایی و دارایی ئەو دەستدرێژییە ناوبرد؛ ئەم هێرشە نوێیانە کە دەستەی دەریایی بەریتانیا پشتڕاستی کردوونەتەوە و تێیدا نەوتهەڵگرێکی گازی شلی قەتەری ئاگری گرتووە.
سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، مەجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، هێرشەکانی سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگر بە بەزاندنی بەهاکانی یاسای نێودەوڵەتی و تێکدانی دڵنیایی کەشتیوانی و وزەی جیهان ناوبرد و ڕایگەیاند: "ئێمە داوا لە ئێران دەکەین بە خێرایی کۆتایی بە تەواوی ئەو کارانە بهێنێت کە ئاسایشی ناوچەکە و گواستنەوەی دەریایی دەخەنە مەترسییەوە؛
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، گوتیشی: تاران بە تەواوی بەرپرسیاری یاسایی و دارایی ئەم دەستدرێژییە مێژووییەیە.
هەروەها بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆیتەرزی رایگەیاندوە، ئاماژە سەرەتاییەکان نیشانی دەدەن، ئۆپەراسیۆنەکە لە لایەن ئێرانەوە ئەنجامدراوە.
هاوکات دەستەی دەریایی شاهانەی بەریتانیا پشتڕاستی کردووەتەوە کە سێ نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز کراونەتە ئامانج. ئەم هێرشە نوێیانە مەترسیی داخرانی رێگە ئاوییە ستراتیژییەکانی کەنداوی دروست کردووەتەوە.
دەستەی دەریایی شاهانەی بەریتانیا ئاشکراشی کرد، یەکێک لە نەوتهەڵگرەکان کە هێڵی گازی شلی قەتەری بە ناوی رەکەیات بووە، لە نێو گەرووی هورمز لە نزیک ناوچەی لیماهـ لە کەناراوەکانی عومان کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە لە بەشی بزوێنەرەکەیدا ئاگر کەوتووەتەوە، هەرچەندە کارمەندەکانی بە سەلامەتی رزگارکراون.
ئاماژەشی داوە، دوو نەوتهەڵگری دیکەش زیانیان پێگەیشتووە کە یەکێکیان لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کراوەتە سەر، بەڵام هیچ کەسێک بریندار نەبووە.
تاران پێشتر هۆشداریی دابوو کە تەنیا ئەو رێڕەوانەی کە خۆی پەسەندیان دەکات سەلامەت دەبن بۆ کەشتیوانی، و فەرماندەیی سەربازیی ئێران توندی هۆشداریی دابووە هێزەکانی ئەمریکا، لە بەرامبەردا، هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاندبوو، رێڕەوی دەوروبەری کەناراوەکانی عومان بۆ تەواوی کەشتییەکان کراوەیە.
بەپێی کۆمپانیای داتاکانی کێپلەر، لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بە لانی کەمەوە 108 کەشتی بەم رێڕەوانەدا تێپەڕیون.
ئەم پێکدادانانە لە کاتێکدا دێن دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی هۆشداریی نوێی دایە تاران و رایگەیاند: "یان دەگەینە رێککەوتن، یان کارەکە بە تەواوی کۆتایی پێدەهێنین؛ من نامەوێت کاریگەری لەسەر ژیانی 91 ملیۆن کەس دروست ببێت، بەڵام دەتوانین لە ماوەی یەک کاتژمێردا تەواوی پردەکانیان بڕوخێنین.
بەپێی رێککەوتننامەی کاتی، دەبوو کەشتییەکان بۆ ماوەی 60 رۆژ بە بێ باج پێدان هاتوچۆ بکەن، بەڵام تاران سوورە لەسەر ئەوەی دوای ئەو ماوەیە باج وەربگرێت، بابەتێک کە ئەمریکا و هاوپەیمانە عەرەبییەکانی کەنداو بە توندی رەتی دەکەنەوە.