ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی بەهێزی کردە سەر ئێران
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی بەهێز بۆ سەر چەند ئامانجێک لە ناو خاکی ئێراندا.
لە بەیاننامەیەکدا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانی بۆ سەر چەندین ناوچەی جیاوازی ناو خاکی ئێران راگەیاند. ئەم هێرشانە بە ئامانجی سزادانی تاران و لاوازکردنی تواناکانی لە تێکدانی ئاسایشی دەریایی ئەنجامدراون، دەنگی ١٤ تەقینەوەی گەورە لە ناوچە کەنارییەکانی ئێران بیستراوە.
بەگوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکانی ئاژانسی فارسی ئێرانی، 10 تەقینەوەیان لە شاری سیریک و چوار تەقینەوەکەی دیکە لە گوندی میسین لە دوورگەی ستراتیژیی قوشم روویانداوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای کرد، هێرشە ئاسمانییەکان زیاتر لە 80 ئامانجی جیاوازی پێکاوە، هەموویان بە تەقەمەنی زۆر ورد و پێشکەوتوو وێران کراون. ئامانجەکان بە وردی دەستنیشان کرابوون بۆ ئەوەی زۆرترین گورز لە ژێرخانی سەربازیی ئێران بوەشێنن، لەوانەش سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، تۆڕەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، بنکەکانی راداری کەناراوەکان و تواناکانی مووشەکی دژە کەشتی. جگە لەمانە، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە زیاتر لە 60 بەلەمی بچووکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە گەرووی هورمز و دەوروبەری لەناو ببەن، کە وەک هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان دەبینران.
لەسەرەتای ئەم هەفتەدا ئێران سێ کەشتیی بازرگانی مەدەنی لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکاندا کردە ئامانج، کە پێکهاتبوون لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵ، کەشتی ودیانی سعوودی و کەشتی سایبرس برۆسپێریتی بە ئاڵای لیبێریا. سێنتکۆم جەختی کردەوە، ئەم رەفتارانەی ئێران نەک هەر مەترسین بۆ سەر گیانی مەدەنییەکان و ئازادی هاتوچۆی دەریایی، بەڵکو پێشێلکارییەکی ڕوون و زەقی رێککەوتنەکانی ئاگربەستن.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە واشنتن چیتر بێدەنگ نابێت و تاران دەبێت باجێکی قورسی ئەو کارانەی بدات، هەروەها هێزەکانی ئەمریکا لە ئامادەباشی تەواودان بۆ لێپرسینەوە لە هەر هەوڵێکی دیکەی ئێران بیەوێت ئاسایشی ناوچەکە و بازرگانی جیهانی تێکبدات.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی وەڵامی ئەم هێرشانەی دایەوە و واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی هەمیشە هەوڵ دەدات بە بیانووی جۆراوجۆر پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە یاداشتنامەی لێکگەیشتنی نێوانیان پاساو بدات.
تاران دەڵێت؛ ئەوان لە کاتی واژۆکردنی یاداشتنامەکەوە بە نیازپاکی مامەڵەیان کردووە و هەموو تواناکانی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانیان بەکارهێناوە، بەڵام ئەمریکا بەم هێرشانە جارێکی دیکە رێککەوتنەکانی پێشێل کردووە.