پزیشکیان بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا عێراقی جێهێشت

سەرۆککۆماری ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە بەپەلە خاکی عێراقی بەرەو وڵاتەکەی جێهێشت، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و مووشەکی بەرفراوانی کردە سەر چەند ناوچەیەکی جیاواز لە باشووری ئێران.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ئێوارەی سێشەممە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی رێبەری پێشووی ئێران گەیشتبووە شاری نەجەف و لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێکرابوو، بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی و دەستپێکردنی هێرشەکان، سەردانەکەی بڕی و گەڕایەوە تاران.

لەلایەکی دیکەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچە مووشەک لە ناوچەیەکی بازرگانی لە شاری سیریکی کەناراو، چەند کەسێک برینداربوون. ئەم شارە کە دەکەوێتە پارێزگای هورمزگان و دەڕوانێتە سەر گەرووی هورمز، یەکێک بووە لەو ئامانجانەی کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکاوە (سێنتکۆم) هێرشی کراوەتە سەر.

بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییە ئەمریکییەکان، ئەم هێرشانەی شەوی رابردوو زۆر بەهێزتر بوون و ئاستی فراوانییەکەیان چوار بۆ پێنج هێندەی ئەو هێرشانە بووە کە 10رۆژ لەمەوبەر ئەنجامدرابوون.

فەرماندەیی سێنتکۆم رایگەیاندووە، ئەم هێرشە توندانە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ بە ئامانجگرتنی سێ کەشتیی بازرگانی لەلایەن ئێرانەوە لە گەرووی هورمزدا. ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشکردنە سەر کەشتییە مەدەنییەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا پێشێلکارییەکی روونی ئاگربەست و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەر بۆیەش سوپای وڵاتەکەیان دەستی بەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە کردووە.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی توندی دایە ئەمریکا و رایگەیاند؛ پێویستە واشنتن بەرپرسیارێتی لێکەوتەکانی ئەم هێرشانە و شکاندنی لێکگەیشتنەکانی نێوانیان هەڵبگرێت. تاران جەختی کردووەتەوە، هەنگاوی یەکلاکەرەوە دەگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیان، ئەمەش مەترسییەکانی پەرەسەندنی زیاتری گرژییە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا هێناوەتە ئاراوە.