سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێران: ئەمریکا بوێری نییە پێ بخاتە ناو سنوورەکانمان

ئەدمیراڵ حەبیبوڵڵا سەیاری، سەرۆکی ئەرکان و جێگری هەماهەنگیکاری سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی جەختی لەسەر پێگەی ستراتیژیی ئێران لە ناوچەکە و توانای هێزە چەکدارەکان بۆ پاراستنی سنوورەکان کردەوە.

سەیاری لە سەرەتای قسەکانیدا وێڕای سەرەخۆشی لە گەلی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد، ئێران بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە خاوەنی 2700 کیلۆمەتر کەناراوە و دەبێت زیاتر سوود لە سەرچاوە و وزەی دەریا وەربگرێت، چونکە دەریا سەرچاوەی سەرەکیی دەسەڵات و سامانی وڵاتانە و 90%ـی بازرگانیی جیهانیش لەو رێگەیەوە دەکرێت.

جێگری هەماهەنگیکاری سوپا تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی هێزە چەکدارەکان بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی رێبەری باڵای شۆڕش لە بواری گەشەپێدانی دەریایی و ئاماژەی بەوە کرد، توانیویانە لە کەناراوەکانی مەکران و دەریای عومان دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنن. ئەو باسی لە تێکشکێنەری جەمەران کرد وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی توانای ناوخۆیی و گوتی، دروستکردنی ئەم جۆرە کەشتییە جەنگییانە نیشانەی ئەوەیە کە پسپۆڕانی ئێرانی دەتوانن بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا زاڵ بن و شکۆ بۆ گەلەکەیان بگەڕێننەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە رابردوودا دەسەڵاتە گەندەڵەکان نەیانتوانیوە سوود لەم توانایانە وەربگرن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەدمیراڵ سەیاری بە توندی وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکا و بانگەشەی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و رایگەیاند، خاکی ئێران هێڵی سووری 90 ملیۆن ئێرانییە.

ئاماژەی بەوە کرد، دوژمن هەمیشە هەوڵی داوە لە رێگەی جەنگی دەروونی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاستەوە ورەی خەڵک بڕوخێنێت، بەڵام لەسەر زەوی بوێری ئەوەیان نییە تەنانەت یەک سەربازیش لە کەناراوەکانی ئێران دابەزێنن، چونکە دەزانن ئەگەر هەڵەیەکی لەو شێوەیە بکەن، دەکەونە ناو جەهەنەمێکەوە کە رێگەی لێ دەربازبوونیان نییە.

سەیاری جەختی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران، بە سوپا و سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکانەوە، لەوپەڕی هەماهەنگی و ئامادەباشیدان. ئەو روو لە سەرۆکی ئەمریکا گوتی؛ ئەگەر دەڵێن هیچ بەربەستێک لەبەردەم هێزەکانتان نییە، فەرموون تاقی بکەنەوە، چونکە ئێمە بە ئیرادە و دڵسۆزییەوە قەرەبووی هەموو کەموکوڕییە تەکنەلۆژییەکان دەکەینەوە و گێگە نادەین هیچ زیانێک بەر سنوورەکانمان بکەوێت.

حەبیبوڵڵا سەیاری، دڵنیایی دایە گەلی ئێران کە هێزە چەکدارەکان وەک قەڵایەکی قایم پارێزگاری لە وڵات دەکەن و رێگە بە هیچ جۆرە دەستدرێژییەک نادەن.