دەشتی کەلهوڕی سروودێکی نیشتمانی وەک دیاری پێشکەشی خانەقین دەکات
دەشتی کەلهوڕی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، پڕۆژەی بەرهەمهێنانی سروودێکی تایبەت بۆ خانەقین، بەمزووانە بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، "خانەقین، کە هەمیشە لە دڵی خەڵکەکەیدا شوێنێکی تایبەتی هەیە، بەردەوام شایستەی ئەوەیە لە رێگەی هونەر و موزیکەوە ناسنامە و شکۆی بۆ جیهان بناسرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی تەمموزی 2026، دەشتی کەلهوڕی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی گوت، "دانانی ئاواز، موزیک و سەرپەرشتی هونەری ئەم پڕۆژەیە لەلایەن من ئەنجام دراوە، هەروەها دەقی شیعرەکە بە هاوکاری مامۆستا کەنعان حوسین نووسراوە. ئەم هاوکارییە هونەرییە هەوڵێکە بۆ دروستکردنی بەرهەمێک کە بتوانین بە شێوەیەکی هەستبزوێن و متمانەپێکراو، رۆحی خانەقین لە ناو موزیک و وشەدا بگوازینەوە."
دەشتی کەلهوڕی گوتیشی، " ئەم سروودە تەنیا گۆرانییەک نییە، بەڵکو دەنگی دڵی خانەقینە؛ دەنگێک کە باس لە جوانیی سروشتی، مێژووی پڕ لە شانازی، زاراوەی شیرین، میراتی فەرهەنگی و رۆڵی ئەو شارە لە ژیانی نیشتمانی دەکات. ئامانجیش ئەوەیە ئەم بەرهەمە ببێتە مایەی شانازیی هەموو ئەوانەی دڵیان بۆ خانەقین لێدەدات و لەسەر زمانی گەورە و بچووک بمێنێتەوە."
دەشتی کەلهوڕی باس لە بیرۆکەی ئەو پڕۆژەیە دەکات و دەڵێت، "ئەم بیرۆکەیە بە داواکاری ژمارەیەک لە رووناکبیران، هونەرمەندان و دڵسۆزانی خانەقین دەستیپێکردووە، کە پێیان وایە شارێک بەو هەموو مێژوو و میراتە، شایستەی ئەوەیە سروودێکی تایبەتی هەبێت کە بتوانێت ناسنامەی هونەری ئەو شارە لە پانتاییەکی فراوانتر بناسێنێت."
دەشتی کەلهوڕی باسی لەوەش کرد، "بانگهێشتێکی دڵسۆزانە ئاراستەی کاربەدەستان، سەرمایەداران، کۆمپانیاکان و هەموو کەسانی دڵسۆزی خانەقین دەکەم، کە بە هاوکاریی دارایی و رێگە بۆ بەرهەمهێنانی کلیپێکی پیشەیی و لە ئاستی ناوی خانەقین خۆش بکەن. هەروەها مەبەست تەنیا دروستکردنی ڤیدیۆیەک نییە، بەڵکو بەرهەمهێنانی بەڵگەیەکی هونەریی مێژووییە کە جوانیی سروشت، شوێنە مێژووییەکان، ژیانی رۆژانە و رەنگە جیاوازەکانی خانەقین بە جوانترین شێوە پیشان بدات."
دەربارەی گرنگی خانەقین لەناو دڵی خەڵکەکەیدا، دەشتی کەلهوڕی دەڵێت، "خانەقین، کە هەمیشە لە دڵی خەڵکەکەیدا شوێنێکی تایبەتی هەیە، بەردەوام شایستەی ئەوەیە لە رێگەی هونەر و موزیکەوە ناسنامە و شکۆی بۆ جیهان بناسرێت، و ئەم سروودەش هەوڵێکی نوێیە بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە بە زمانی هونەر."
دەشتی کەلهوڕی ئاماژەی بەوەش دا، "خانەقین، کە بە یەکێک لە شارە کۆن و گرنگەکانی کوردستان ناسراوە، هەمیشە شوێنێکی تایبەتی لە مێژووی نەتەوەیی، ژیانی کولتووری و هونەری کورددا هەبووە. ئەم شارە بە سروشتی جوان، شوێنە مێژووییەکان، زمان و زاراوەی تایبەتی و میراتی دەوڵەمەندی فەرهەنگیی خۆی ناسراوە، بۆیە ئەو پڕۆژە هونەرییەش هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەم تایبەتمەندییانە لە قالبی سروودێکی نیشتمانیدا بە شێوەیەکی مۆدێرن و کاریگەر بگەیەنرێن."
دەشتی کەلهوڕی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لە شاری کەرکووک لەدایکبووە، بەڵام لە کەلار ژیانی بەسەر بردووە، ماوەی زیاتر لە 24 ساڵە لە دەرەوەی وڵات دەژی. دەشتی کەلهوڕی هەر لە منداڵییەوە هەست بە سەرهەڵدانی هونەری گۆرانیبێژی لە نێو ناخی خۆیدا دەکات و هەر لەو کاتەوە لە نێو خێزان و هاوڕێیانی گۆرانی دەچڕێت، بەڵام ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە بە شێوازێکی تەواو دەستی بە هونەری گوتنی گۆرانی کردووە و زۆربەی کارە هونەرییەکانیشی نیشتمانین.