ترەمپ:رەنگە دوورگەی خارک کۆنترۆڵ بکەین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبووەوە؛ ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان لە تۆڵەی هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، لێدانێکی توندیان لە ئێران داوە؛ هاوکات لەسەر دۆسیەی ئۆکرانیاش، ئامادەیی واشنتنی نیشاندا بۆ پێدانی مۆڵەتی بەرهەمهێنانی سیستەمی پاتریۆت بە کۆمپانیا ئەوروپی و ئۆکرانییەکان.
چوارشەممە 8ی تەممووزی 2026، ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، شەوی رابردوو هێرشێکی توندیان کردووەتە سەر ئێران و پێشبینی دەکات ئەمشەویش هێرشی توندتر بکەن و گوتی: "هۆشدارییەکی کورتیان پێدەدەین کە ئەمشەویش بە توندی لێیان دەدەینەوە، چونکە هیچ شتێک نییە بتوانن لە بەرامبەریدا بیکەن."
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توندی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 (JCPOA) گرتەوە و بە "رێککەوتنی پاشماوەی ئەتۆمی ئۆباما" ناوی برد، کە بە گوتەی ئەو بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە و نەهامەتیی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ هەروەها ئاماژەی دا، "مەبەستی من گۆڕینی دەسەڵات نییە، بەڵکو داماڵینی ئێرانە لە چەکی ئەتۆمی. ئەوان رێککەوتنەکان پێشێل دەکەن، راستی ناڵێن و فێڵ دەکەن."
ترەمپ ئاشکرای کرد کە لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا 28 بەلەمی بچووکیان تێکشکاندووە. ئاماژەی بەوەش کرد، فەرمانی داوە زیان بە بۆرییە نەوتییەکان نەگەیەنرێت، بەڵام ئەگەری هەیە کۆنترۆڵی دوورگەی خارگ کە ناوەندێکی گرنگی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە بکەن.
هەروەها ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە سەرەڕای داواکارییان بۆ هێورکردنەوە لە کاتی مەراسیمێکی بەخاکسپاردندا، هەوڵیانداوە هێرش بکەنە سەر سێ کەشتیی بازرگانیی سعوودییە، کوەیتی و قەتەری.
لە کۆبوونەوەکەدا، پیت هێگست، وەزیری جەنگی ئەمریکا قسەی کرد و دووپاتی کردەوە، ئەگەر پێویست بکات زۆر بە خراپی لە ئێران دەدەنەوە، هاوکات ترەمپ لە ناوەڕاستی قسەکانیدا گوتی: رەنگە گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا بسەپێنینەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین بەسەر ئۆکرانیادا لە ئەگەری هێرشی رووسیادا، ترەمپ رایگەیاند: "ئەگەر پێویست بێت، بەڵێ. کاتێک ئێمە دەگەینە رێککەوتن، ئیتر پێویست ناکات خەمی ئەم جۆرە بابەتانەمان بێت. پێموایە ئێمە دەگەینە چارەسەرێک و رێککەوتنەکەش جێگیر دەبێت."
هەرچەندە ترەمپ ئارەزووی خۆی نیشاندا بۆ سەردانیکردنی ئۆکرانیا، بەڵام گوتی: "پێم باشترە سەرەتا شەڕەکە کۆتایی بێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دڵنیا نییە دەزگای پاراستنی نهێنیی ئەمریکا بەم سەردانە رازی بن.
لەلایەکی دیکەوە، کاتێک پرسیار لە زێلێنسکی کرا کە ئایا ئامادەیە سەردانی مۆسکۆ بکات؟ گوتی: "قورسە، چونکە ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی لەوێ هەن و ئەوەش مەترسیدارە."
سەبارەت بە دابینکردنی سیستەمی پاتریۆت، ترەمپ باسی لەوە کرد، "ئێمە پاتریۆتمان هەیە بەڵام ژمارەیان زۆر نییە و بۆ خۆشمان پێویستمان پێیەتی؛ ئامادەن مۆڵەتی بەرهەمهێنانی ئەم سیستمە بدەن بە کۆمپانیاکانی ئەوروپا و ئۆکرانیا بۆ ئەوەی خۆیان بەرهەمی بهێنن؛ ئاماژەشی دا، "ئەمە چەکێکی بەرگرییە و من چەکی بەرگریم لە چەکی هێرشبەر زیاتر بەدڵە."
ترەمپ باسی لەوە کرد، ئۆکرانیا خاکێکی زۆر دەوڵەمەندی هەیە بە کانزاکان و خاکەکەی لە باشترینی جیهانە بۆ بەدەستهێنانی کانزا دەگمەنەکان.