ناتۆ 50 ملیار دۆلار بۆ کڕینی چەک تەرخان دەکات و هۆشداری توند دەداتە ئێران
سەرکردەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ لە کۆتایی لووتکەکەیاندا لە ئەنقەرە، تەرخانکردنی 50 ملیار دۆلاریان بۆ کڕینی چەکی نوێ و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای سەربازی ڕاگەیاند؛ هاوپەیمانێتییەکە هاوکارییە 70 ملیار یۆرۆییەکانی بۆ ئۆکرانیا دووپاتکردەوە و هۆشداریی توندیشی دایە ئێران لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و ئاسایشی گەرووی هورمز، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا مانەوەی ئەمریکای لە نێو ناتۆدا پشتڕاستکردەوە.
چوارشەممە 8ـی تەممووزی 2026، سەرکردەکانی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە کۆتایی لوتکەکەیاندا لە ئەنقەرە، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تێیدا جەختیان لە پابەندبوونی پتەوی خۆیان بە بنەمای بەرگریی بەکۆمەڵ ماددەی 5 کردەوە، بەوپێیەی هەر هێرشێک بۆ سەر ئەندامێکیان وەک هێرش بۆ سەر تەواوی هاوپەیمانێتییەکە هەژمار دەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە درێژخایەنانەی کە ڕووسیا لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروستی کردوون، هاوپەیمانانی ئەوروپا و کەنەدا خەرجییە بەرگرییەکانی خۆیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، بە شێوەیەک لە ساڵی 2025دا بڕی 139 ملیار دۆلاریان بۆ بودجەی بەرگری زیادکردووە.
هاوکات لەم لوتکەیەی ئەنقەرەشدا، ناتۆ بڕی زیاتر لە 50 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازیی نوێ ڕاگەیاند، بە ئامانجی بەهێزکردنی پیشەسازیی بەرگری، پەرەپێدانی سیستمی هەوریی جەنگی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد.
سەبارەت بە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا، ناتۆ هاوکارییە بەردەوامەکانی خۆی بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە دووپاتکردەوە. بۆ ساڵی 2026، هاوپەیمانان بەڵێنی دابینکردنی 70 ملیار یۆرۆیان وەک هاوکاریی سەربازی و مەشقپێکردن بۆ ئۆکرانیا داوە، و جەختیشیان کردووەتەوە کە بۆ ساڵی 2027 بە هەمان ئاست بەردەوام دەبن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا پێشوازی لە بڕیاری یەکێتیی ئەوروپا کرا بۆ دابینکردنی قەرزی درێژخایەنی پشتیوانی بۆ کیێڤ.
لە لایەکی دیکەوە، هاوپەیمانیی ناتۆ هۆشداری توندی دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕایگەیاند، نابێت ئێران لە هیچ بارودۆخێکدا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. هاوکات داوای لە تاران کرد کە بە تەواوی ڕێز لە ئازادیی گەشتە دەریاییەکان لە گەرووی هورمزدا بگرێت.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی سەرکردەکانی ناتۆدا لە ئەنقەرە ڕایگەیاندووە، دەیەوێت ئەمریکا وەک ئەندامێکی هاوپەیمانێتییەکە بمێنێتەوە. سەرچاوەکە لە زاری ترەمپەوە گواستییەوە کە بە سەرکردەکانی گوتووە: "ئێمە دەمانەوێت لەگەڵتان بمێنینەوە."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، واشنتن ئامادەیە بەردەوام بێت لە فرۆشتنی چەک بە ئەندامانی ناتۆ، بێگوێدانە شێوازی بەکارهێنانی ئەو چەکانە لەلایەن وڵاتەکانەوە.
هەروەها باس لەوە کراوە کە ترەمپ لەم کۆبوونەوەیەدا هێورتر دەرکەوتووە؛ بابەتی کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی کاتی لەگەڵ ئێران یان کڕینی دوورگەی گرینلاندی نەوروژاندووە، کە پێشتر ببوونە هۆی دروستبوونی گرژی لە ناو هاوپەیمانێتییەکەدا.