ناوی ئەو فەرمانبەرانەی قەزای خەبات بڵاوکرایەوە کە زەوییان بۆ دەرچووە

دوای بەڕێوەچوونی پرۆسەی تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی خەبات، ناوی سوودمەندانی زەوی بڵاوکرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، پرۆسەی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی قەزای خەبات لە هەردوو راژەی مەدەنی و سەربازیدا بەڕێوەچوو.

دوای پرۆسەی تیروپشکەکە، ناوی سوودمەندبووان لە هەردوو کەرتی شارستانی و سەربازی راگەیەندرا و کە ژمارەیان 2600 کەسە.

لەم بارەیەوە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، زیاتر لە 400 پارچەزەوی دیکە بۆ ئەو جووتیارانە ئامادە کراوە کە خاوەن مافن و پرۆسەی رادەستکردنی زەوییەکانی ئەوانیش بە پێی ڕێکارە یاساییەکان جێبەجێ دەکرێت.

دوێنێ سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، دلاوەر مزووری، سەرۆکی شارەوانیی خەبات بە کوردستان24ـی گوتوبوو: "ئەو زەوییانەی دابەش دەکرێن، دەکەونە نێوان کۆمەڵگەی جەدیدە و ناحیەی ڕزگاری، کە شوێنێکی گونجاویان هەیە و دەکەونە سەر ڕێگەی سەرەکیی دووسایدی هەولێر-خەبات."

ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندی. لایەنە پێوەندیدارەکانیش دووپاتی دەکەنەوە کە سەرجەم فەرمانگەکان کارئاسانی و ڕێکارە پێویستەکانیان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە ئەنجام داوە.