ترەمپ: سووریا لە لیستی تیرۆر دەردەهێنم و ئیسرائیلیش لوبنان جێدەهێڵێت

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، بە نیازن سووریا لە لیستی ئەو وڵاتانەی پاڵپشتیی تیرۆر دەکەن دەربهێنن. هاوکات جەخت دەکاتەوە، دیمەشق دەتوانێت لە دۆسیەی حزبوڵڵادا هاوکاریی واشنتن بکات. دەشڵێت: ئیسرائیل لە لوبنان دەکشێتەوە.

چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەوە.

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: سووریا بووەتە وڵاتێکی "زۆر سەقامگیر" و جەختی لەوە کردەوە کە بڕیارەکەی بۆ لادانی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە "بڕیارێکی مەزن" بووە.

گوتیشی: سووریا لە لیستی ئەو وڵاتانە دەردەهێنم کە پاڵپشتیکاری تیرۆرن، پێموایە ئەو کارە دەکەم. بەڵێ، بۆچی نەیکەم؟

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە سووریا دەتوانێت لە دۆسیەی حزبوڵڵا و لوبناندا هاوکاریی ئەمریکا بکات، بەو پێیەی قۆناغی نوێی دیمەشق دەروازەیەک بە ڕووی ڕۆڵێکی جیاوازدا لە ناوچەکەدا دەکاتەوە.

لە بارەی دۆسیەی لوبنانیشدا، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، "ئیسرائیل هێزەکانی لە باشووری لوبنان دەکشێنێتەوە، هەردوو وڵات کاری نایابییان پێکەوە کردووە".

هاوکات دووپاتی کردەوە، سیاسەتەکانی رۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە پاراستنی ئیسرائیلدا هەبووە و گوتی: "ئەگەر من سەرۆک نەبوومایە، ئێستا ئیسرائیل بوونی نەدەبوو."

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدا دێن کە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی چوارچێوەیی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بە چاودێریی واشنتن بەردەوامن، کە ئامانج لێی چەسپاندنی ئارامی و سەر لە نوێ بڵاوەپێکردنەوەی سوپای لوبنانە لە باشوور، هاوشان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل.