عێراقچی: زمانی سووکایەتی لە شکۆی گەلی ئێران کەم ناکاتەوە

بەقایی: هیچ نیازپاکییەکمان لە ئەمریکا بە دی نەکردووە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، زمانی سووکایەتیی بەرپرسانی ئەمریکا لە شکۆی گەلی ئێران کەم ناکاتەوە و تاران بە کردارێکی مەزن و ئازایانە وەڵامی بێڕێزییەکان دەداتەوە؛ هاوکات، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە هێنانەوەی ئایەتێکی قورئانی پیرۆز ئاماژەی بەوە دا، هیچ نیازپاکییەک لە لایەنی ئەمریکییەوە بەدی ناکرێت و واشنتن بە هێرشە تاکلایەنەکانی، یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیانی سەبارەت بە ئاسایشی گەرووی هورمز پێشێل کردووە.

چوارشەممە 8ـی تەممووزی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "قسەکردن لەسەر گەلی شارستانی و ئازای ئێران بە زمانی سووکایەتی پێکردن، لە گەورەیی و شکۆی ئەم گەلە کەم ناکاتەوە."

وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە مێژووی وڵاتەکەی کردووە و رایگەیاندووە، ئێرانییەکان بە شارستانیەت، کولتوور و بەها ئەخلاقییە بەهێزەکانیان ناسراون. ئێمە وەڵامی بێڕێزی و زمانی نەشیاو بە هەمان شێواز نادەینەوە، بەڵکو وەڵامی ئێمە بە کردار دەبێت؛ بە کردارێکی بێباکانە و بە ئازایەتییەکی مەزنەوە."

هاوکات ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بە هێنانەوەی ئایەتی 58 لە سوورەتی ئەنفال لە قورئانی پیرۆز، پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی "یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای متمانە نەبووە، بەڵکوو لەسەر بنەمای میکانیزمێکی روونی پابەندبوون بەرامبەر بە پابەندبوون رێکخراو بووە؛ هەربۆیە هیچ ئاماژەیەکی نیازپاکی لە رەفتارەکانی لایەنی بەرامبەردا نەبووە".

هەروەها ئاماژەی داوە، "ئێستاش، سەرەڕای بەندی پێنجەمی ئەم یاداشتنامەیە، کە جەخت لە بەرپرسیارێتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکاتەوە بۆ دیاریکردنی رێکارەکانی بە سەلامەتی تێپەڕبوونی کەشتیەکان لە گەرووی هورمزەوە، کەچی ئەمریکا پەلکێشی نێو سەرکێشی کردووە و بە کردەیی ئەم ماددەیە و یاداشتی لێکتێگەیشنی پێشێلکردووە بە کردەوە تاکلایەنەکانی و هێرشە شەڕانگێزەکانی دژی ئێران"

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگرە لە پاراستنی سەروەری خاکەکەیی و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی.