ماکرۆن: ئێران بە هێرشەکانی هەڵەی کرد
سەرۆکی فەرەنسا رایدەگەیەنێت، ئێران بەهۆی هێرشەکانییەوە رێککەوتنی لەگەڵ ئەمەریکا پێشێل کردووە و جەختیش لەسەر پێویستیی داماڵینی چەکی حزبوڵڵا و چوونەدەروەی هێزە بیانییەکان لە لوبنان دەکاتەوە.
چوارشەممە، 8ـی تەمموزی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە رایگەیاند "رێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە پێشێلکرا و دواتریش ئەمەریکا وەڵامی دایەوە، پێموابێت ئێرانییەکان بەم هێرشانە هەڵەیەکی گەورەیان کرد، چونکە ئەم هەنگاوەیان پێچەوانەی ئەو رێککەوتنە بوو کە لە ئیسلامئاباد واژۆیان کردبوو."
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد، کە هێشتا مۆڵەتە 60 رۆژییەکە ماوە و پێیوایە ئەو کۆبوونەوانەی پلانیان بۆ داڕێژراوە ئەنجام دەدرێن،گوتیشی "دەبێت هەموو لایەک هەنگاو بەرەو ئارامی و هێورکردنەوەی گرژییەکان بنێن، بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ دیپلۆماسی بڕەخسێت."
لە تهوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، ماکرۆن جەختی لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئەجێندای ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی کردەوە و رایگەیاند "فەرەنسا لەگەڵ کردنەوەی گەرووی هورمزە بە رووی کەشتیوانیدا، بەبێ هیچ مەرجێک و دوور لە وەرگرتنی باج و سەرانە، چونکە پاراستنی ئەو ڕێڕەوە بۆ ئابووری جیهان بایەخی ستراتیژی هەیە."
سەبارەت بە پرسی لوبنانیش، سەرۆکی فەرەنسا هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە و رایگەیاند، پشتیوانی لە ئاشتی و سەقامگیریی لوبنان دەکەن. ماکرۆن راشکاوانە گوتی: "سەقامگیریی لوبنان لە رێگەی داماڵینی حزبوڵڵا لە چەک و کشانەوەی تەواوی هێزە بیانییەکان لەو وڵاتەدا بەدی دێت، بۆ ئەوەی لوبنان بتوانێت سەروەریی خۆی بپارێزێت".