هەولێر.. فیلمی سینەمایی "شەوی یەکەمی هەژدە ساڵی" نمایشکرا
بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر، لەچوارچێوەی پرۆژەی سینەماو جەماوەر دا، فیلمی سینەمایی "شەوی یەکەمی هەژدە ساڵی"، کە لە دەرهێنانی حامد تەهرانییە، لە ئێمپایەر سینەما لە هەولێر نمایشکرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی تەمموزی 2026، شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر بە کوردستان24ی گوت، "چیرۆکەکە باس لە ژیانی دایکێکی تەنیا و کارمەندی بانک دەکات بە ناوی "رەعنا"، کە پەیوەندییەکی زۆر بەهێز و پڕ لە خۆشەویستیی لەگەڵ تاقانە کچەکەیدا هەیە کە ناوی "هودا"یە. رەعنا هەموو ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ ئەوەی پاشەرۆژێکی گەش بۆ کچەکەی دابین بکات."
شاخەوان مستەفا گوتیشی، "لە شەوی لەدایکبوونی 18 ساڵیی هودا دا، لەگەڵ هاوڕێکانی دەچنە شارۆچکەی یاری "شەهری بازی" بۆ ئاهەنگگێڕان. بەڵام لەوێ بەهۆی شەڕ و دەمەقاڵێیەک و تێگەیشتنێکی چەوتەوە لەلایەن برای یەکێک لە هاوڕێکانیەوە، هودا پاڵی پێوە دەنرێت و بە شێوەیەکی لەناکاو و تراژیدی گیان لەدەست دەدات."
شاخەوان مستەفا زیاتر باس لە چیڕۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت، "دوای ئەم کارەساتە، جیهانی رەعنا بەتەواوی دەڕوخێت. ئەو دەکەوێتە ناو ململانێیەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی سەختەوە بۆ وەرگرتنی مافی کچەکەی و سزادانی بکوژەکە. فیلمەکە لێرەوە تیشک دەخاتە سەر کێشەکانی ژنان، یاسا کۆمەڵایەتییەکان، و ئەو بەربەستانەی کە دایکێکی جەرگسووتاو لە کۆمەڵگەدا رووبەڕوویان دەبێتەوە."
بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، "ئێمە وەک سینەما و شانۆی هەولێر بە شێوەیەکی بەردەوام هەموو هەفتەیەک فیلم نمایش دەکەین، چونکە باوەڕمان وایە ئەم جۆرە بەرهەمە هونەرییانە پێویستن و جێگەی خۆیان هەیە. دەرگاکانی ئێمە بۆ هەموو چین و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە کراوەیە، جا کورد بن یان سەر بە هەر نەتەوەیەکی تر، چونکە پەیامی کوردستان بۆ ئێمە پەیامی پێکەوەژیان و قبوڵکردنی جیاوازییەکانە."
بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، هەموو چوارشەممەیەک کاتژمێر 6ی ئێوارە، بێبەرامبەر فیلمی سینمایی لە هەولێر لە ئێمپایەر سینەما، نمایش دەکات.