ترەمپ: هێرشەکانمان وەک تۆڵەیەک بوو

رۆیتەرز: هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران فراوانتر دەبن

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە چڕەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان وەک وەڵامێکی راستەوخۆ و تۆڵەسەندنەوەیەک بووە لە بەرامبەر بۆردومانکردنی کەشتییەکان لەلایەن ئێرانەوە. هاوکات، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکیش جەخت دەکاتەوە کە هێرشەکانی ئەمڕۆ لە رووی قەبارە و ژمارەوە زۆر زیاتر دەبن لەو هێرشانەی کە دوێنێ ئەنجام دراون.

پێنجشەممە 9ی تەممووزی 2026،دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاند: "ئەم هێرشانە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بوو لە بەرامبەر ئەو بۆردومانەی دوێنێ کە ئێران کردیە سەر کەشتییەکان."

ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: "ئەگەر ئەم کارانە دووبارە ببنەوە، ئەوا دۆخەکە زۆر لەوە خراپتر دەبێت کە ئێستا هەیە."

هەروەها ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، "ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە ئەمریکا دەستی پێکردووە، ئامانج لێی پەکخستنی تواناکانی ئێرانە و لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا هێرشەکان فراوانتر دەبن و ژمارەی ئەو ئامانجانەی دەپێکرێن، زۆر زیاتر دەبن لەو هێرشانەی کە رۆژی سێشەممە ئەنجام دران."

ئەمەش لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانیان دەستیان کردووە بە ئەنجامدانی چەندین هێرشی نوێ بۆ سەر پێگەکانی ئێران. فەرماندەیی ناوەندی ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە پاراستنی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئامانجی سەرەکییان هێشتنەوەی گەرووی هورمزە بە کراوەی بەڕووی جووڵەی بازرگانی و گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتیدا.