گوهدار شێخۆ: رەزامەندی لەسەر دروستکردنی 50 کارگە دراوە
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند، لە چوارچێوەی ستراتیژی کابینەی 9یەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، رەزامەندییان لەسەر دروستکردنی 50 کارگە داوە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیش لە بوارە جیاوازەکاندا بەردەوامییان هەیە.
رۆژی پێنجشەممە، 9ی تەممووزی 2026، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، "رەزامەندیمان داوەتە 50 کارگە کە هەندێکیان ئامادە بوونە و هەندێکی دیکەیان لەژێر کارکردن دان، بەشێکیشیان لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواو دەبن." گوتیشی: "ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان، هاوکات گرنگیمان بە بوارەکانی وەرزش و گەشتوگوزاریش داوە بۆ ئەوەی پشت بە تەنیا بە داهاتی نەوتی نەبەسترێت."
سەبارەت بە پەرەپێدانی زاخۆ، گوهدار شێخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵیان داوە زاخۆ لە هەموو بوارێکدا بکەنە نموونە. گوتی: "لە بوارەکانی بازرگانی، پیشەسازی و گەشتوگوزار کار دەکەین. رێگاکانمان هەتا سەر سنوور قیرتاو کردووە بۆ ئەوەی گەشتیاران سوودی لێ ببینن." باسی لەوەش کرد کە زاخۆ لە بواری وەرزشدا بەناوبانگە و پڕۆژە تەرفیهییەکان هەم خزمەتی گەنجان دەکەن و هەم هەلی کار دەڕەخسێنن.
لەبارەی پڕۆژەکانی رێگاوبان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاشکرای کرد، "پرۆسەی قیرتاوکردنی شەقامەکان بەردەوامە و 95%ی شەقامەکان تەواو دەبن. قۆناخی یەکەم بە گوژمەی 45 ملیار دینار بووە و دوای تەواوبوونی، قۆناخی سێیەم دەستپێدەکات تاوەکو 100%ی رێگاکان قیرتاو بکرێن." گوتیشی، "هەوڵ دەدەین رێگا بۆ ئەو زەوییانەش بکەینەوە کە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن."
گوهدار شێخۆ تیشکی خستە سەر ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکان هاوکار بوون بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر زێدی خۆیان و بەڵێنی دا ئاو و کارەبایان بۆ دابین بکرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتیان گوتی: "هاوکاری هەموو خەڵکی خۆمانمان کردووە، هەر کەسێک حەوشە یان خانووی بەر شەقام بکەوێت، پارچە زەوییەکی 200 مەتری وەک قەرەبوو وەردەگرێت و هاوکارییان دەکەین بۆ دروستکردنی خانووەکانیشیان."