زەیدی: کار بۆ دامەزراندنی سندووقی وەبەرهێنانی عێراقی-تورکی دەکەین
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیا، هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ دامەزراندنی "سندووقی عێراقی-تورکی" بە مەبەستی تەمویلکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدان راگەیاند.
پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازیی لە ئاڵپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا و شاندی یاوەری کرد.
بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی رێگاکانی پتەوکردنی هاوکاریی دوو قۆڵیی نێوان هەردوو وڵات کرا و ژمارەیەک دۆسیەی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ کران.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا لەسەر بنەمای بەستەرە مێژوویی، جوگرافی و بەرژەوەندییە هاوبەشە درێژخایەنەکان دامەزراون.
هاوکات زەیدی ئاماژەی بەوە دا، کە هەردوو وڵات دەرفەتی بەرفراوانیان لەبەردەمدایە بۆ گەشەپێدانی هاوکارییەکانیان لە بوارە جیاجیاکاندا.
زەیدی لە درێژەی ققسەکانیدا باسی لەوە کرد، حکوومەت کار بۆ دامەزراندنی سندووقی عێراقی-تورکی دەکات بە ئامانجی تەمویلکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدان لە عێراقدا، ئەمەش بەشدار دەبێت لە خێراکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان و بەهێزکردنی هاوبەشیی ئابووریی نێوان بەغدا و ئەنقەرە.
لەلای خۆیەوە، وەزیری وزەی تورکیا سڵاو و رێزی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای گەیاندە سەرۆکوەزیرانی عێراق و خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانیکردنی بەغدا دەربڕی.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دەدات، ئەمەش بەهۆی ئەو پێگە سەرەکییەی کە عێراق لەسەر ئاستی ناوچەکەدا هەیەتی.
وەزیری وزەی تورکی ئاماژەی بەو گرنگییە تایبەتە دا کە ئەردۆغان بە پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان"ی دەدات، بەهۆی ئەو بەها ئابووری و ستراتیژییەی کە بۆ ناوچەکە هەیەتی.
ئاڵپئەرسلان بایراکتار، ئامادەیی وڵاتەکەی نیشان دا بۆ بەستنی هاوبەشیی ستراتیژیی بەرفراوان لەگەڵ عێراق لە کەرتە جیاجیاکاندا، بە تایبەت لە بوارەکانی نەوت، گاز، وزەی کارەبا و بەستەرە هەرێمییەکان، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و پاڵپشتی لە رێڕەوەکانی گەشەپێدانی هەردوو وڵاتدا بکات.