ئێران: لێدوانەکانی ترەمپ بە کردەیی دەرگای دانوستاندنەکانیان داخست

ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە کردەیی رێگەی دانوستاندنی نێوان تاران و واشنتنی داخستووە. هەروەها زمانی گوتاری ئەمریکای بە سوکایەتیپێکردن و قبوڵنەکراو ناوبرد.

پێنجشەممە 9ـی تەمووزی 2026، عەلائەدین بروجەردی ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکیدا گوتی: "ئەو لێدوانە سوکایەتیپێکەرانەی ترەمپ بەرامبەر بە بەرپرسانی ئێران، بە کردەیی رێگەی دانوستاندنەکانی داخستووە،" ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێران ئامادەی هەموو بژاردەکانە ئەگەر ئەمریکا کۆتاییهێنان بە پابەندییەکانی رابگەیەنێت".

هەروەها هۆشداریی دا، دەبێت سەرۆکی ئەمریکا تێبگات ئێران تەنیا نییە و "بەرەی مقاوەمە بە هەموو تواناکانییەوە، ئەگەر بارودۆخەکە بخوازێت، دژی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا دەجوڵێتەوە".

ئەم قسانەی عەلائەدین بروجەردی دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ دێت لە لوتکەی پەیمانی ناتۆ لە ئەنقەرە، کە تیایدا رایگەیاندبوو، راگرتنی جەنگ لەگەڵ ئێران بە کردەیی کۆتایی هاتووە و بەرپرسانی ئێرانی بە کەسانێکی نزم و نەخۆش وەسف کردبوو، ئەمەش وەک هەڵکشانی نوێ لە گوتاری نێوان هەردوو لایەن لێکدەدرێتەوە.

ئەم لێدوانانە رەنگدانەوەی بەردەوامیی گرژییە سیاسییەکانی نێوان تاران و واشنتنە، لە کاتێکدا گومانەکان لەسەر پاشەڕۆژی پەیوەندییەکان و دانوستاندنەکان روو لە زیادبوونە، ئەمەش لەسەر پاشخانی پەرەسەندنی سەربازی و تۆمەتبارکردنی یەکتری بە پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنە ئیمزاکراوەکان.