هەولێر.. ناوەندی گەنجان لە یەکەم چالاکیدا دەرگەی سینەمای بەڕووی فیلمی "باوڵ"دا کردەوە

 ناوەندی گەنجان، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، فیلمی سینەمایی "باوڵ"، کە لە دەرهێنانی دیاکۆ بایزە، لە هەولێر لە ناوەندی گەنجان نمایشکرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ی تەمموزی 2026، شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر بە کوردستان24ی گوت، "گرنگیدانی ناوەندی گەنجان بە فیلمی کوردی و رەخساندنی سەکۆیەکی تایبەت بۆ نمایشکردنیان، هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەرە بۆ زیندووکردنەوەی بزووتنەوەی رووناکبیری و هۆشیاریی هونەری لە نێوان جیلی نوێدا. هەروەها ئەم ناوەندە تەنیا وەک شوێنێکی فێربوون یان کۆبوونەوە نابینرێت، بەڵکو دەبێتە پردێکی گرنگی کولتووری کە گەنجان بە ناسنامە و داهێنانی ناوخۆیی ئاشنا دەکات. "

شاخەوان مستەفا گوتیشی، "بە رێکخستنی ئەم جۆرە شەوەفیلمانە، ژینگەیەکی هاندەر بۆ گفتوگۆی کراوە لە نێوان بینەران و دروستکەرانی فیلم دروست دەبێت، کە ئەمەش نەک هەر پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ دەرهێنەر و هونەرمەندانی کورد، بەڵکو چێژێکی راستەقینە و کاتبەسەربردنێکی بەپێزیش بە گەنجان دەبەخشێت و خولیای سینەما لە ناخیاندا دەچێنێت."

شاخەوان مستەفا باس لە نمایشکردنی ئەو فیلمە بێبەرامبەر لە ناوەندی گەنجان دەکات و دەڵێت، "ناوەندی گەنجان بە خۆڕایی و بەبێ هیچ بەرامبەرێک دەرگەکانی بەڕووی هەموو هۆگرانی هونەردا دەکاتەوە و بانگهێشتی گەنجان و بینەران دەکات بۆ ئامادەبوون لە نمایشی ئەم فیلمە کوردییە، هەروەها ئەم دەستپێشخەرییە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت پاڵپشتی لە سینەمای ناوخۆیی بکەن و لە کەشێکی تایبەت و بێبەرامبەردا چێژ لەم بەرهەمە کۆمیدییە وەربگرن."

بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر باس لە چیرۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت، "چیرۆکی فیلمەکە دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی کوڕێکی گەنج کە تەواوی ژیانی لە دووری شار و لە ژینگەیەکی ئارام بەسەر بردووە و هەرگیز جیهان دەرەوەی نەناسیوە. بەڵام دوای کۆچی دایە گەورەی، وەسیەتنامەیەک دەگاتە دەستی و ئەو دۆخە هەموو شتێک دەگۆڕێت."

فیلمی سینەمایی "باوڵ"، بە ژانەری کۆمیدی و ماوەی 90 خولەک، کۆمەڵێک ئەکتەری ناسراو و بەئەزموونی کۆکردووەتەوە، لەوانە ژیان ئیبراهیم خەیات، ئاکۆ سەنگاوی، زاهیر جەلال، زاهیر غەریب، کەیوان سەڵاحەدین، ئیدریس شەوکەت، زانست بەرزنجی و یاسین عومەر.

ناوەندی گەنجان، بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، فیلمی سینەمایی "باوڵ"،  ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ی تەمموزی 2026، لە هەولێر لە ناوەندی گەنجان نمایشکرا.