زانا رەسوڵ ئەزموونێکی بێهاوتای هونەری جێگیرکاری و زیندوو نمایش دەکات
هونەرمەندێک ئەزموونێکی بینراو و فکریی جیاواز لە ژێر ناونیشانی "بچپێنە بە گوێیا" لەگەلەری مۆزەخانەی سلێمانی نمایش دەکات، کە پڕۆژەیەکی هونەریی هاوچەرخە و ئاوێتەبوونێک لە نێوان هەردوو فۆرمی هونەری جێگیرکاری و زیندوودا بەرجەستە دەکات و دەڵێت: " نمایشەکە هاوچەرخە و کارێکی هونەری جێگیرکاری و زیندووە، هەردوو هونەرەکە بەیەکەوە کار دەکەن و من ماوەی چەند کاتژمێرێک، هونەری زیندوو بۆ بینەران نمایش دەکەم."
ئەمڕۆ شەممە، 11ی تەمموزی 2026، زانا رەسوڵ، هونەرمەندی هاوچەرخ بە کوردستان24ی گوت؛ "لەو نمایشە هاوچەرخەدا، شەهرام رەسوڵ، لە وتارێکی شوێنەوارناسی و ریشەناسیدا، دیالێکتیکیانە دەچێتە سەر بابەتی ئاو و قەیران و هاوسەنگییەکەی، و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی چۆن ئاو پێش ئەوەی تەنیا ئاوێتەیەکی کیمیایی بێت، لە چیاکانی ئۆڵۆمپۆس حوکمی جیهانی کردووە و لە دەسەڵاتێکی پیرۆزی بوونبەخشەوە گۆڕاوە بۆ پاشماوەکانی لاشەی بێگیانی تیاماتی بابلی."
زانا رەسوڵ گوتیشی؛ "پاشان، کارا فاتیح وەک پێداچوونەوەکاری تێکستەکان، رەهەندێکی زمانەوانی و ئەکادیمی بە بابەتەکە دەبەخشێت، کاتێک ژیان لە نێوان دێڕەکان و دیداری وشەدا بەڕێ دەکات و دەخوازێت لەم نمایشەدا زانست فێری زمانی ئەدەب بکات تا جوان بدوێت، و ئەدەبیش لۆژیکی زانست بپۆشێت تا رەسەنتر دەربکەوێت، بە جۆرێک کە هاوسەنگییەکی پڕ تەم و ئەفسووناوی لە نێوان رەنگ، سۆز، ئەدەب و هونەردا بخوڵقێنێت."
زانا رەسۆڵ باس لە نمایشێکی دیکەی هونەری جێگیرکاری دەکات و دەڵێت؛ "لە لایەکی دیکەوە، هونەرمەند نەهرۆ شەوقی تێکستەکەی تەرخان دەکات بۆ لایەنی ژینگەیی و هۆشداریمان پێدەدات کە لە کاتێکدا جیهان بەرەو قەیرانی گەورەی ژینگەیی هەنگاو دەنێ، پێویستە هۆشیاریی ژینگەیی لای ئێمە لە بابەتێکی سادەی سروشتدۆستییەوە بگۆڕێت بۆ پێوەرێکی سەرەکی بۆ مانەوەی نەتەوەیی و رووبەڕووبوونەوەی ئەو شەڕە ژینگەیی و ئابوورییەی کە دژمان بەڕێوە دەچێت."
دەربارەی تێکستی چەمکی دەرونی ژینگەیی، زانا رەسوڵ دەڵێت؛ "هاوکات، رەنج مستەفا لە تێکستەکەیدا چەمکێکی دەروونی ژینگەیی گرنگ بە ناوی "سۆلاستالژیا" دەهێنێتە کایەوە، کە گوزارشتە لە ئازاری مانەوە لە شوێنێکدا کە هەیە، بەڵام چیتر ئەو شوێنە نییە کە پێشتر هەبووە، و ئەم هەستی نامۆبوونە بە توندی دەبەستێتەوە بە چەمکی "دایکی لەدەستچوو" جا خاک بێت یان بیرەوەرییەکی هاوبەش."
زانا رەسوڵ ئاماژەی بەوەش دا، "لە گۆشەنیگایەکی هونەرییەوە، ئاڤان عومەر لە دەقەکەیدا باس لە پرۆسەی داهێنان دەکات و پێی وایە بیرکردنەوە لە کارێکی هونەری کە هێشتا بە شێوەیەکی فیزیکی نەبینراوە، وادەکات نووسین تەنیا وەسفکردنی کارێکی داهاتوو نەبێت، بەڵکو خۆی ببێتە بەشێکی سەرەکی لە پرۆسەی دروستبوون و لەدایکبوونی کارەکە."
ئەو هونەرمەندە هاوچەرخە باس لە کۆتا نمایش دەکات و دەڵێت، "لە کۆتاییدا، زامۆ عەلی عومەر ناوەڕۆکی نمایشەکە دەبەستێتەوە بە جیهانی ئەدەبیات و شانۆوە، و لە تێکستەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کارە ئێمە دەباتەوە ناو جیهانە وشک و داڕماوەکەی ساموێل بێکێت و شانۆگەریی "لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا"، کە تێیدا گۆدۆ رەمزە بۆ ئەو ئومێدەی هەرگیز ناگات و ئەو شتە نادیارەی کە نازانین چییە، بەڵام بەردەوام و بێبڕانەوە چاوەڕوانی دەکەین."
نمایشی زانا رەسوڵ، لەژێر ناونیشانی "بچپێنە بە گوێیا"، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 11ی تەممووزی 2026، لە گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی بەڕێوەبچێت و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
زانا رەسوڵ، هونەرمەندێکی هاوچەرخی خەڵکی شاری سلێمانییە، بە پێشانگە تاکەکەسییە جیاو نادیارەکانی ناسراوە کە نمایش و جێگیرکاری و گێڕانەوە بەیەکەوە تێکەڵ دەکات.