ئەڵمانیا.. حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ بەڕێوەدەچێت
خولی حەوتەمینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ، لەژێر دروشمی "سینەما یادەوەرییە"، لە ئەڵمانیا و لە سینەمای شۆبێرگ فیلمپالاست بەڕێوەدەچێت.
جەنگۆ شەریف، سەرۆکی فێستیڤاڵەکە دەڵێت: "لە شەش خولی رابردوودا، وڵاتی ئێران بەردەوام لە سەرووی لیستی ئەو وڵاتانەدا بوو کە زۆرترین فیلمیان ناردبوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەهۆی بارودۆخی شەڕ، نائارامی و ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا دەگوزەرێن، رێژەی بەشدارییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە."
ئەمڕۆ شەممە، 11ی تەممووزی 2026، جەنگۆ شەریف، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ی گوت: "ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکراوە و توانیویەتی 913 فیلم لە 102 وڵاتی جیاوازی جیهانەوە بەدەست بهێنێت. لە نێو کۆی ئەو سەدان فیلمەی پێشکەش بە فێستیڤاڵەکە کراون، تەنیا 75 فیلمی هەڵبژێردراو دەگەنە قۆناغی کێبڕکێی فەرمی، 35 فیلمیش چانسی پیشاندانیان لەسەر شاشەی فێستیڤاڵەکە پێدەبەخشرێت و 8 خەڵاتیش دابەش دەکرێت."
جەنگۆ شەریف گوتیشی: "ئەوەی خولی ئەمساڵ لە خولەکانی رابردوو جیا دەکاتەوە، گۆڕانکاریی بەربڵاوە لە نەخشەی بەشداریکردنی وڵاتاندا؛ لە کاتێکدا لە شەش خولی رابردوودا وڵاتی ئێران بەردەوام لە سەرووی لیستی ئەو وڵاتانەدا بوو کە زۆرترین فیلمیان ناردبوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەهۆی بارودۆخی شەڕ، نائارامی و ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا دەگوزەرێن، رێژەی بەشدارییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە، بە جۆرێک کە ئێستا وڵاتی ئەڵمانیا لە پلەی یەکەمدایە، فەرەنسا لە پلەی دووەم و هیندستانیش وەک سێیەم وڵات بە زۆرترین فیلم لە دواوەی ئەڵمانیا و فەرەنساوە دێت."
بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە باس لە دابەشکردنی خەڵاتەکان دەکات و دەڵێت: "لە کۆتاییدا تەنیا 8 فیلم دەتوانن شەرەفی بەدەستهێنانی خەڵاتە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکە بەدەست بهێنن، کە خەڵاتەکان دابەش بوون بەسەر بەشەکانی وەک: باشترین فیلمی کوردی، باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری، باشترین ئەنیمەیشن، باشترین فیلمی نێودەوڵەتی، باشترین ئەکتەر، باشترین سیناریۆ و باشترین سینەماتۆگرافی."
خولی حەوتەمینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ، بڕیارە 4ی ئەیلوولی 2026 لە ئەڵمانیا لە سینەمای شۆبێرگ فیلمپالاست بەڕێوەبچێت و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت.
ساڵی رابردوو، لە خولی شەشەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ کە لە شاری بۆخوم لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، زیاتر لە 1100 فیلم لە 127 وڵاتی جیاوازی جیهانەوە پێشکەش بە فێستیڤاڵەکە کران کە رێژەیەکی پێوانەیی بوو. لە نێو کۆی بەرهەمە نێردراوەکاندا، تەنیا 29 فیلم هەڵبژێردران بۆ ئەوەی بگەنە قۆناغی کۆتایی و لەسەر شاشەی فێستیڤاڵەکە پیشان بدرێن.