سەرچاوەیەک: یەکێتی هەڕەشە لە پەرلەمانتارانی یەکێتی و نەوەی نوێ دەکات
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوشارێکی توندی خستووەتە سەر پەرلەمانتارانی سنووری سلێمانی و هەڕەشەی مەترسیی جددییان لێ دەکات لە ئەگەری بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان. هاوکات باس لەوە دەکرێت کە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بەبێ خواستی خۆیان لە سلێمانی نیشتەجێ کراون بۆ ئەوەی رێگرییان لێ بکرێت بگەنە هۆڵی پەرلەمان.
شەممە 11ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی راگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەوڵێکی نوێدا بۆ رێگریکردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، بە شێوەیەکی راستەوخۆ پەرلەمانتارانی حزبەکەی و لایەنەکانی دیکەشی لە سنووری سلێمانی ئاگادار کردووەتەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە هیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا بکەن.
سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات، هەڕەشەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار. یەکێتی هۆشداریی داوە کە ئەگەر هەر پەرلەمانتارێک سەرپێچی بکات، نەک تەنیا خۆی، بەڵکو تەواوی ئەندامانی خێزان و تەنانەت خزمە دوورەکانیشی بەرپرسیار دەبن و باجی ئەو بەشداریکردنە دەدەن.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان 24ـی راگەیاند، تەواوی پەرلەمانتارانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، بەبێ رەزامەندیی خۆیان، گواستراونەتەوە بۆ چەند شوێنێکی دیاریکراو لە شاری سلێمانی و لە ژێر چاودێریدا هێڵدراونەتەوە. ئامانج لەم کارە، دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە هیچ کام لەو پەرلەمانتارانە ناتوانن بەشداری لە پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەماندا بکەن. ئەم رەفتارانە شەپۆلێکی نیگەرانی و ناڕەزایەتی لە ناو ریزەکانی کادران و پەرلەمانتارانی نەوەی نوێدا دروست کردووە.
یەکێتی نەک تەنیا پەرلەمانتارانی خۆی و نەوەی نوێ، بەڵکو هەڕەشەی لە پەرلەمانتارانی لایەنەکانی دیکەش کردووە و پێیان راگەیاندووە، نابێ بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەک ببن کە یەکێتی بەشدار نەبێت و لە ئەگەری بەشداری ئەوە رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکێتی و نەوەی نوێ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە 39 کورسیی پەرلەمانیان هەیە و دەیانەوێ پەرلەمان کارابکرێتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش کە خۆی تەنیا خاوەنی 39 کورسییە لە راگەیەندراوێکدا داوای لە لایەنەکان کردووە کە هەوڵەکانیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان چڕتر بکەنەوە.