رێگەی هەولێر - کۆیە؛ هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ

پرژەی دووسایدکردنی رێگەی هەولێر - کۆیە
پرژەی دووسایدکردنی رێگەی هەولێر - کۆیە

%40ـی کارەکانی پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگەی هەولێر - کۆیە تەواوبووە، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گواستنەوەیە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی ساڵ و نیوی داهاتوودا بە تەواوی کۆتایی بە کارەکانی بهێندرێت و بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.

کارەکانی پڕۆژەی دووسایدکردنی ڕێگەی نێوان هەولێر و کۆیە بەردەوامییان هەیە، کە تێیدا رێگەیەکی یەکلاینە و پڕمەترسی دەگۆڕدرێت بۆ ڕێگەیەکی دووسایدی مۆدێرن بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

بە پێی دوایین ئامارەکانی تایبەت بە پڕۆژەکە، تا ئێستا 40%ـی کارەکان تەواو بوون و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی ساڵ و نیوێکی داهاتوودا پڕۆژەکە بە تەواوی کۆتایی پێبێت.

ئیبراهیم حوسێن، یەکێک لە ئەندازیارانی پڕۆژەکە، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: کە پڕۆژەکە بە تەواوی لە لایەن کۆمپانیا و ئەندازیارانی ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ متمانەکردن بە توانای ناوخۆیی.

هاوکات ئاماژەی بە پاڵپشتیی بەردەوامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد لە دابینکردنی ئاسانکاری و تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆژە گرنگە.

بە تەواوبوونی ئەم رێگەیە، ماوەی گەشتکردنی نێوان هەولێر و کۆیە لە 27 خولەکەوە بۆ 20 خولەک کەم دەبێتەوە، هاوکات ئاستی سەلامەتیی رێگەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ.

کەیفی فارس، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، بە کوردستان24ـی گوت: ئێستا کارکردن لە پرۆژەکە بە درێژایی 30 کیلۆمەتر بە چڕی بەردەوامە. 

ئاماژەی بەوە کرد، بەشێکی زۆری کارەکانی بڕین و پڕکردنەوەی رێگەکە ئەنجام دراون، هاوکات نزیکەی 14 کیلۆمەتر لە شەقامەکە قیرتاو کراوە (بە قیری جۆری ستاپلایزەر). هیوایشی خواست کە زۆرینەی کارە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە لە ماوەی ئەمساڵدا تەواو بکرێن.

 

ئەم پڕۆژە ستراتیژییە لە دوو قۆناخی سەرەکی پێکدێت:

قۆناخی یەکەم: درێژییەکەی 37 کیلۆمەترە و پێکهاتووە لە دروستکردنی 6 ئۆڤەرپاس (بەرزەپرد)، 4 ژێرپرد، پردێکی گەورە بە درێژیی 250 مەتر و پردێکی دیکە بە درێژیی 90 مەتر. جگە لەمەش، 160 ئاوبەری کۆنکرێتی، دانانی هێماکانی هاتوچۆ، پەرژینی سەلامەتی و دابینکردنی رووناکی بۆ بەرزەپرد و ژێرپردەکان لەخۆدەگرێت.

قۆناخی دووەم: درێژییەکەی 11 کیلۆمەترە و رێگەکە بە شەقامی 60 مەتریی کۆیە و بازگەی تۆپزاوە دەبەستێتەوە. ئەم قۆناخە بریتییە لە دروستکردنی 2 بەرزەپرد، 2 یەکتربڕی جۆری پەپوولەیی، لەگەڵ 20 ئاوبەری کۆنکرێتی.