سێبور مەنتک: رێککەوتنی زیندان رێگرە لەبەردەم کاراکردنەوەی پەرلەمان
بەرپرسی پێشووی نووسینگەی نەوەی نوێ لە هەولێر، بۆ کوردستان24 رایگەیاند، هەر 15 ئەندام پەرلەمانەکەی نەوەی نوێ لە شاری سلێمانی لەژێر فشار و هەڕەشەی یەکێتیدا شوێنی مانەوەیان پێدراوە و دەستبەسەرکراون، گوتیشی،" رێگرییان لێ دەکرێت بگەڕێنەوە بۆ هەولێر و بەشداری لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
شەممە 11ـی تەمووزی 2026، سێبور مەنتک بەرپرسی پێشووی نووسینگەی نەوەی نوێ لە هەولێر تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی، "ئەو 15 ئەندام پەرلەمانەی نەوەی نوێ خەڵک دەنگی پێداون و دەبێت متمانەی هاووڵاتییان بپارێزن و نەکەونە ژێر فشاری زیندان، جەختی لەوەشکردەوە، ئەوان سوێندیان خواردووە ببنە دەنگ و رەنگی خەڵک نەک ببنە پاشکۆی لایەنێکی دیاریکراو، بۆیە داوای لێکردن بە بوێرییەوە بگەڕێنەوە هەولێر.
بەرپرسی پێشووی نووسینگەی نەوەی نوێ باسی لەوەش کرد، ئەو رێککەوتنەی لە نێوان شاسوار عەبدولواحید و بافڵ تاڵەبانی کراوە، "رێککەوتنی زیندانە" و لە ژێر فشار و هەڕەشەدا بە شاسوار واژۆ کراوە، ئەمەش بۆ چاوپۆشیکردن لەو دۆسیانەی لەسەر شاسوار هەبوون و بۆ پاراستنی موڵک و ماڵەکەی.
هەروەها گوتی، لە سەرەتای دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید تا نزیکەی 3 مانگ، میدیای نەوەی نوێ بە توندی دژایەتی بافڵ تاڵەبانییان دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی شاسوار ملکەچی یەکێتی بوو، سیاسەتی جوڵانەوەکە و میدیاکانیان گۆڕا، کە ئەمەش دەرەنجامی ئەو رێککەوتنە زۆرەملێیە بوو کە لە زیندان واژۆکرا.
جەختی لەوەشکردەوە، شاسوار عەبدولواحید تەنها بۆ ئەوەی سەروەت و ماڵ و منداڵەکانی لە فشارەکانی یەکێتی و خودی بافڵ تاڵەبانی بپارێزێت، خیانەتی لە متمانەی دەنگدەرەکانی کرد و بێ گوێدانە دەرئەنجامەکەی، رێککەوتنی زیندانی واژۆکرد.
لە کۆتاییدا گوتی،"ئەم رێککەوتنە تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی کەسیی شاسوار و زیادکردنی کورسییەکانی یەکێتییە و هیچ خزمەتێک بە بەرژەوەندی گشتی ناکات.