سوپای ئیسرائیل بۆ مانەوەیەکی درێژخایەن لە باشووری لوبنان ئامادەکاری دەکات

رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت" لە ر اپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل سەرەڕای لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە پاشەکشەی نزیک، هێشتا خۆی بۆ ئەگەری مانەوە بۆ ماوەیەکی درێژ لە باشووری لوبنان ئامادە دەکات، سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تا ئێستا هیچ فەرمانێکی پاشەکشە بۆ ئەو هێزانە دەرنەکراوە کە لەناو خاکی لوبناندان.

شەممە 11ـی تەمووزی 2026، رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت" لە ر اپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی "هێڵی زەرد" بەردەوامە لە ئاشکراکردنی پێگەی گرووپە چەکدارەکان و پاککردنەوەیان، هەروەها بڕیارە ئیسرائیل دوو ناوچە وەک تاقیکردنەوە رادەستی سوپای لوبنان بکات، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی دەڵێت چەند هەفتەیەکی دەوێت تا سوپای لوبنان بۆ ئەوە ئامادە دەبێت. ئەو بەرپرسە گوتیشی: "پێمان وایە سوپای لوبنان ناتوانێت حزبوڵڵا هەڵوەشێنێتەوە، بۆیە لە کۆتاییدا دەبێت خۆمان ئەو کارە بکەین."

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل لە ناوچەیەکی ئارامدا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی هەڕەشە لە کۆمەڵگەکانی خۆی دووربخاتەوە. هاوکات سوپا پلان بۆ هێرشکردن دادەنێت ئەگەر ئاگربەستەکە هەرەس بهێنێت، چونکە پێیان وایە حزبوڵڵا ئارامییەکە بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەک بەکاردەهێنێت.

رۆژی شەممە لە ئەنجامی زنجیرە هێرشێکی نائاسایی لە گوندی مەنسووری لە لوبنان، چەند کەسێک کوژران و بریندار بوون.

خولی گفتوگۆکان لە رۆما:

چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، ئیسرائیل و لوبنان خولێکی نوێی گفتوگۆ بۆ ماوەی دوو رۆژ ئەنجام بدەن. رەنگە کۆبوونەوەکە بۆ هەفتەیەک دوابکەوێت چونکە پێشبینی دەکرێت سەرۆکی لوبنان جۆزیف عۆن لە 21ـی تەمموز سەردانی واشنتن بکات. ئەمریکییەکان بیر لە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان ترەمپ، ناتانیاهۆ و جۆزێف عۆن دەکەنەوە، بەڵام لوبنانییەکان بە توندی دژی هەر دیدارێکن لەگەڵ ناتانیاهۆ.

بەپێی رۆژنامەکە، ئیسرائیل لە رێگەی ئەم رێککەوتنەوە دابڕانی کراداری لەگەڵ ئێران پێکهێناوە و شەرعیەتی وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری لە ناوچەکەدا بەدەستهێناوە، هەروەها شەرعیەتی نێودەوڵەتی وەرگرتووە بۆ مانەوە لە ناوچەیەکی ئەمنی بە قوڵایی 8 بۆ 10 کیلۆمەتر لە ناو خاکی لوبناندا، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی حزبوڵڵا، کە ئەمەش وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ ئیسرائیل هەژمار دەکرێت.