عومان پێشنیازی دابەشکردنی گەرووی هورمز بۆ دوو هێڵی کەشتیوانیی جیاواز دەکات

تۆڕی میدیایی "سی ئێن ئێن" و پێگەی هەواڵیی "ئەکسیۆس" وردەکاریی پێشنیازێکی نوێی سەڵتەنەی عومانیان بۆ دابەشکردنی گەرووی هورمز بۆ دوو رێڕەوی کەشتیوانی ئاشکرا کرد، کە تێیدا لایەنی ئێرانی بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی بڕیاردانی دەستبەجێ، پێشنیازەکەی بۆ تاوتوێکردنی ناوخۆیی بردووەتەوە بۆ تاران.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی میدیایی "سی ئێن ئێن"، سەڵتەنەی عومان پێشنیازی کردووە کە هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا بۆ دوو ڕێڕەو دابەش بکرێت؛ یەکەمیان رێڕەوی باشوورە کە بە ئاوەکانی عوماندا تێپەڕ دەبێت و تێیدا کەشتییەکان مافی هاتوچۆی ئازادی ئاساییان دەبێت، دووەمیشیان رێڕەوی باکوورە کە بە ئاوەکانی ئێراندا تێپەڕ دەبێت و پێویستی بە مۆڵەتی پێشوەختەی تاران دەبێت، بەڵام بێ وەرگرتنی هیچ باج و رسوماتێکی تێپەڕبوون.

سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەش کردووە. پێشنیازەکە هێشتا لە قۆناخی دانوستاندایە و بەرپرسانی ئێران و عومان لە مەسقەت تاوتوێیان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، پێگەی هەواڵیی "ئەکسیۆس" لە زاری دیپلۆماتکارێکی ئاگادار لە دانوستانەکان بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی مەسقەتدا، عومان پێشنیازی کردووە هەردوو ڕێڕەوی باشوور لە ئاوەکانی عومان و رێڕەوی باکوور لە ئاوەکانی ئێران بە تەواوەتی بخرێنە گەڕ.

ئەو دیپلۆماتە بۆ پێگەی ئەکسیۆس روونی کردووەتەوە، بە پێی پێشنیازەکەی عومان، ڕێڕەوی باشوور بە رووی کەشتییەکاندا واڵا دەبێت بە بێ ئەوەی پێویستی بە هیچ جۆرە مۆڵەت و رەزامەندییەک بێت، ڕێک بەو شێوازەی کە پێش دەستپێکردنی جەنگ کارپێکراو بووە.

هەروەها دیپلۆماتکارەکە ئاشکرای کردووە، شاندی دانوستانکاری ئێرانی نەیانتوانیوە لە کۆبوونەوەکەدا رەزامەندی لەسەر ئەم پێشنیازە بدەن، بەهۆی ئەوەی بابەتەکە پێویستی بە بڕیاری سیاسیی باڵا هەیە، بۆیە شاندەکە پێشنیازەکەی عومانی گەڕاندووەتەوە بۆ تاران بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ و راوێژی ناوخۆیی لەسەری.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان، پرسی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکانیان لە گەرووی هورمز بە پێی یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوبەش تاوتوێ کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە کرد، وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان، جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی مەسقەت کردووەتەوە کە پشتبەستنە بە گفتوگۆ و دیپلۆماسی بۆ رێگری لە هەر جۆرە ئاڵۆزی و گرژییەک لە ناوچەکەدا.