"کەزینامە" بۆ پاراستنی شکۆی کچانی نیشتمان بڵاوکرایەوە

دوای ئەوەی سوکایەتیکردن بە کەزی کچە کوردێکی قارەمان لە رۆژئاوای کوردستان بووە کڵپەیەک بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی ئەدەبی و فیکری، رۆژنامەنووس، بڕیار عەبدولڕەحمان، لە پڕۆژەیەکی ناوازەدا توانی نزیکەی 100  دەقی شیعریی شاعیرانی هەر چوارپارچەی کوردستان لە دووتوێی کتێبێکدا بەناوی "کەزینامە"، کۆبکاتەوە و دەڵێت، "کتێبەکە نزیکەی 100 دەقی شیعری لەخۆدەگرێت. شیعر و دەقی شاعیرانی هەر چوار پارچەی کوردستانی تێدا کۆکراوەتەوە، کە ئەمەش نیشانەی یەکگرتوویی خەمی کوردییە لە بەرامبەر دۆزی رەوای کچانی کورد دا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی تەمموزی 2026، رۆژنامەنووس، بڕیار عەبدولرەحمان بە کوردستان24ی گوت، " هەمیشە لە مێژووی گەلی کورددا، قژ و کەزی کچانی ئەم نیشتمانە تەنیا هێمایەک نەبووە بۆ جوانی، بەڵکو سیمبولی ناسنامە و شەرەف بووە. کاتێک داگیرکەران و دوژمنانی کورد لە هێرش و پەلامارەکانیاندا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، سوکایەتییان بە کەزی کچە کوردێکی قارەمان کرد، وایانزانی دەتوانن ئیرادەیەک بشکێنن؛ بەڵام نەیانزانی ئەم رووداوە دەبێتە کڵپەیەک بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی ئەدەبی و فیکری لەسەرانسەری کوردستاندا."

بڕیار عەبدولرەحمان گوتیشی، "​ئەم رووداوە ئازاربەخشە بووە هەوێنی لەدایکبوونی پڕۆژەیەکی ئەدەبیی گرنگ کە تێیدا قەڵەمی شاعیران و ئەدیبانی چوارپارچەی کوردستان یەکیان گرت، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کەزی کچە کوردێک، شکۆمەندیی نەتەوەیەکە و بە سوکایەتی پێکردنی، برینەکە دەبێتە شیعر و هاواری راپەڕین."

بڕیار عەبدولرەحمان باس لە کاردانەوەی شاعیران بۆ بڕینی کەزی کچە کوردێک دەکات و دەڵێت، "​دوای ئەو هێرشە ناڕەوایانە و سوکایەتیکردن بە کەزی کچە کوردێک، کاردانەوەی زۆر لەلایەن شاعیرانەوە بینرا. لێرەوە بیرمان لەوە کردەوە کە نابێت ئەم دەقە بەپێزانە پەرتەوازە بن، بەڵکو پێویستە لە دووتوێی کتێبێکدا کۆبکرێنەوە و بپارێزرێن، کە خۆشبەختانە ئێستا کتێبەکە کەوتووەتە بەر دیدەی خوێنەران."

ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەش دا، "​کتێبەکە تەنیا کۆکردنەوەی چەند دێڕێک نییە، بەڵکو ئاوێنەی هاوسۆزی و یەکگرتوویی نەتەوەییە. کتێبەکە نزیکەی 100  دەقی شیعری لەخۆدەگرێت. شیعر و دەقی شاعیرانی هەر چوار پارچەی کوردستانی تێدا کۆکراوەتەوە، کە ئەمەش نیشانەی یەکگرتوویی خەمی کوردییە لە بەرامبەر دۆزی رەوای کچانی کورد دا."

بڕیار عەبدولرەحمان باس لە گرنگی چاپبوونی ئەو کتێبە دەکات و دەڵێت، "​ئەم کتێبە نوێیە، کە لە شاری مێژوویی رواندزەوە کاری لەسەر کراوە، وەک خزمەتێکی بچووک، بەڵام پڕ بایەخ پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کراوە. کتێبەکە نەک هەر بەڵگەنامەیەکی مێژووییە بۆ تۆمارکردنی تاوانەکانی داگیرکەران، بەڵکو سەلمێنەری ئەو راستییەشە کە ئەدەبی کوردی هەمیشە هاوشانی خەباتی چەکداری و مەیدانی، سەنگەری بەرگری لە شکۆی مرۆڤی کورد چۆڵ ناکات. ئێستا کتێبەکە لەبەردەستی خوێنەراندایە و بووەتە جێگەی دڵخۆشی و شانازی بۆ سەرجەم لایەنگرانی وشە و هەڵوێست."

مێژوو سەلماندوویەتی کاتێک چەکی داگیرکەران دەیەوێت ئیرادەیەک بشکێنێت، قەڵەمی شاعیران و ئەدیبانی کورد دەبێتە سەنگەرێکی پۆڵایین بۆ بەڵگەنامەکردنی راستییەکان. کۆکردنەوەی ئەم 100 دەقە شیعرییە لە چوارپارچەی کوردستانەوە لەژێر ناوی "کەزینامە"، دووپاتکردنەوەی ئەو راستییە مێژووییەیە کە سنوورە دەستکردەکان ناتوانن خەمی هاوبەش و هاوسۆزیی نەتەوەیی گەلی کورد لێک جیا بکەنەوە.