مەریوان جەلال پێشانگەی سیرامیکی "سنوورە چنراوەکان"ـی کردەوە

مەریوان جەلال، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، نوێترین پێشانگەی سیرامیکی خۆی لەژێر ناوی "سنوورە چنراوەکان، ژیانە هەڵوەشاوەکان"، لە گەلەری هاوس ئەفسانە لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (12ی تەمموزی 2026)، مەریوان جەلال بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: "لەم ئەزموونەمدا، بە کارامەیی و قووڵییەکی فرەرەهەندەوە کۆمەڵێک لە کارە نوێیەکانم لەگەڵ بەرهەمە کۆنەکانمدا ئاوێتە کردووە؛ بە جۆرێک ئەو وێنانەی لە کارە کۆنەکانمدا هەن، وەک یادەوەرییەکی بەردەوام و زیندوو سەر هەڵدەدەنەوە کە بە تێپەڕبوونی کاتیش کاڵبوونەوە و فەرامۆشبوون رەت دەکەنەوە و مێژووی رووداوەکان زیندوو رادەگرن."

گوتیشی: "من لەم پێشانگەیەدا دەستکردی مرۆڤ وەک خۆی و وەک ئامرازێکی کۆنترۆڵکردن پێشان دەدەم، لە کاتێکدا جەخت لەسەر ئەو راستییە تاڵە دەکەمەوە کە مرۆڤەکان خۆیان قوربانیی یەکەمی ئەم دابەشکارییە دەستکردەن و باجی قورسی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانی ژیانیان دەدەن."

ئەو هونەرمەندە باس لە گرنگیی کردنەوەی پێشانگەکەی دەکات و دەڵێت: "گرنگیی ئەم پێشانگەیە لە کەرەستە و تەکنیکەکانمدا رەنگدەداتەوە، کاتێک هونەری سۆزدارانەی سیرامیک لەگەڵ تەکنیکی هاوچەرخی 'چاپ لەسەر قوڕ' ئاوێتە دەکرێت؛ لێرەدا شێوە و قەبارەی قوڕی سوورکراو تەنیا ماددەیەکی رەق نییە، بەڵکو گوزارشتێکی جەستەیی و رۆحییە لە قورسایی و بارگرانیی نیشتمان. کاتێک لە یەک کاتدا رەق و پتەوە، بەڵام لەژێر کاریگەریی وێرانکاری و کۆچی زۆرەملێدا، ناسک و زەبربەبەرکەوتوو دەردەکەوێت و نیشانەکانی فشار و دەربەدەریی بە قووڵی پێوە دەبینرێت."

سەبارەت بە نەخشە جۆراوجۆرەکانی نێو پێشانگەکە، شێوەکارەکە ڕوونی کردەوە: "لە بەرامبەردا، رووبەرە چاپکراوەکانی سەر رووی قوڕەکە کە لە نەخشە جۆراوجۆرەکان، شوێنەواری تێکستیل و قوماشەکان، و نیشانە سڕاوەکان پێکهاتوون، رەنگدانەوەی تەواوی ئەو زەمینە ناجێگیر، لێڵ و لەرزۆکەن کە مرۆڤی کۆچبەر لە گەشتە نادیار و پڕ مەترسییەکانیدا هەنگاوی بەسەردا دەگرێت."

مەریوان جەلال ئاماژەی بەوەش دا: "لە رێگەی ئەم تێپەڕاندنە هونەرییەی ناتەواویی وێنەکان و ئاوێتەکردنیان لەگەڵ قوڕی سوورکراو، ئەم تەنە هاوچەشنە سیرامیکییانە دەبنە بەڵگەنامەیەکی زیندووی مێژوویی؛ ئەوان نەک تەنیا گێڕانەوەی رووداوە رەشەکانی سەپاندنی سنوورەکان و تێکدانی شیرازەی ژیانەکانن، بەڵکو دەبنە سیمبولی خۆڕاگرییەکی بێوچان، کە تێیدا مرۆڤی ئاوارە تەنانەت دوای ئەوەی هەموو شتە ئاشناکانی دەوروبەریشی لەبەریەک هەڵدەوەشێن و وێران دەبن، هێشتا کۆڵ نادات و بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی زەمینەیەکی جێگیر و ئارام بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ژیانەکەی."

مەریوان جەلال، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لەساڵی 1966 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و ئێستا لە شاری لەندەن نیشتەجێیە. لەساڵی 2011 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی سیرامیکی زانکۆی کەمبریل وێڵ بەدەستهێناوە، و هەر لە هەمان زانکۆ لەساڵی 2014 بڕوانامەی ماستەری لە چاپی هونەری بینیندا وەرگرتووە.