ترەمپ: هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن
ترەمپ: دەبینە پاسەوانی گەرووی هورمز، بەڵام قەرەبوومان دەوێت
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وردەکاریی هێرشە چڕەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە هێزە ئاسمانی و سەربازییەکانی تارانیان لە نێوبردووە، جەختی کردەوە کە ئەمریکا دەبێتە "پاسەوانی گەرووی هورمز" و چیتر بێ بەرامبەر پارێزگاری لەو رێڕەوە ئاوییە ناکات.
دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد، شەوی رابردوو سوپای وڵاتەکەی هێرشێکی یەکجار توندی کردووەتە سەر ئامانجە ئێرانییەکان. ترەمپ هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و گوتی: "هەر کاتێک ئەوان درۆن بنێرن، ئێمە بە سەختی بۆردوومانیان دەکەین."
سەرۆکی ئەمریکا پەردەی لەسەر شکستی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لادا و رایگەیاند: "ئێمە نزیکەی 10 رێککەوتنمان لەگەڵ ئێران هەبوو، بەڵام ئەوان هەمیشە پێشێلیان کردووە، بۆیە هێرشەکانمان ناوەستن." ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەمریکا وەک پاسەوانی گەرووی هورمز دەمێنێتەوە، بەڵام داوای قەرەبووی دارایی کرد و گوتی: "نزیکەی 50 ساڵە گەرووەکە دەپارێزین بەبێ ئەوەی هیچ قەرەبوویەکمان وەرگرتبێت، دەبێت ئەمە بگۆڕێت."
لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی، ترەمپ باسی لەوەکرد، هێرشەکانی ئەمریکا باشترین سەرکردە سەربازییەکانی تارانی لەناو بردووە و گوتی: "عەلی خامنەیی، رێبەری پێشوو کوژراوە و موجتەبای کوڕیشی، بە رێژەی 90% کارەکەی تەواو بووە ." هەروەها ئاماژەی بە تێکچوونی دۆخی ناوخۆی ئێران کرد و رایگەیاند کە رێژەی هەڵئاوسان لەو وڵاتەدا لە 5%وە بۆ 350% بەرزبووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ سەرنجی خستە سەر مەترسییەکانی کارەکەی و گوتی: "بوون بە سەرۆکی ئەمریکا کارێکی یەکجار مەترسیدارە." ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئامارەکان دەریدەخەن 5.2%ی سەرۆکەکانی ئەمریکا رووبەڕووی تیرۆرکردن بوونەتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو فشار و هەڕەشانەی کە ئێستا لەسەر ژیانی خۆی هەن.