هەڵگورد شێخ نەجیب: ئامانجمانە گەشتیاریی سۆران بگەیەنینە ئاستێکی نێودەوڵەتی
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایدەگەیەنێت، هێنانەکایەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەکێک بوو لە کارە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم و دەشڵێت: "هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ ئەوەی سۆران لە کەرتی گەشتیاریدا هەنگاو بەرەو نێودەوڵەتیبوون بنێت."
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە کوردستان2ـی راگەیاند: هێنانە کایەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەشێک بوو لە پلانی ستراتیژیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە چەندین پرۆژەی تایبەتی لەخۆ گرتووە و دوای پۆلێنکردنیان، دەست بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە کراوە کە بۆ هاووڵاتییان گرنگ و بایەخدارن.
گرنگیدان بە ژێرخانی ڕێگاوبان
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەوەی سۆران ناوچەیەکی بازرگانی و گەشتیارییە، گرنگییەکی زۆر بە کەرتی ڕێگاوبان دراوە. لەو چوارچێوەیەدا شەقامی 40 مەتری سۆران و قۆناخی یەکەمی رێگای سپیلک - سۆران جێبەجێ کراون، کە بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی رێژەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ بەڕێژەی %100 لەو سنوورانەدا.
سەبارەت بە ڕێگای گەلی عەلی بەگ، هەڵگورد شێخ نەجیب ئاشکرای کرد "دیزاینی شەقامەکە بەشی زۆری تەواو بووە، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی شەقامەکە فراوان دەکرێت، بە جۆرێک کە کەمترین دەستکاریی ژینگەی ناوچەکە بکرێت، چونکە سۆران خاوەن ژینگەیەکی شاخاویی تایبەتە."
پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و ڕەخساندنی هەلی کار
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باسی لەوە کرد کە ئێستا کار لەسەر گۆڕینی گەشتیاریی سۆران لە قۆناخی ناوخۆییەوە بۆ قۆناخی نێودەوڵەتی دەکرێت. گوتیشی "کاری جددی لەسەر گەلی عەلی بەگ، بێخاڵ و چیای باپشتیان دەکرێت. لە بێخاڵ بەهۆی هەندێک گرفتی یاسایی کارەکان دواکەوتبوون، بەڵام بە دیزاینێکی نوێ و ناوازە دەستپێدەکرێتەوە، بەجۆرێک خاوەنکارانی ناوچەکە زەرەرمەند نەبن و هەلی کارێکی زۆریش بۆ گەنجانی دەڤەرەکە بڕەخسێنرێت."
پرۆژەکانی ئاو و تەندروستی
هەڵگورد شێخ نەجیب تیشکی خستە سەر پرۆژەکانی ئاو و رایگەیاند، چەندین پرۆژە لە خەلیفان، سیدەکان و مێرگەسۆر لە قۆناخی جێبەجێکردندان و لە چەند رۆژی داهاتوودا بەشێکیان تەواو دەبن و دەخرێنە خزمەت هاووڵاتییانەوە.
لە بواری تەندروستیشدا، ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکان بۆ ئەوەیە خزمەتگوزارییەکان بگەنە ئاستێک کە چیتر نەخۆش بۆ چارەسەر روو لە هەولێر یان پارێزگاکانی دیکە نەکات. هەروەها رایگەیاند کە هەردوو نەخۆشخانەی سیدەکان و پیران لە قۆناخی کۆتایی تەواوبووندان.
پەرەپێدانی زیاتری ناوچەکە
هەروەها باسی لەوەش کرد، قۆناخی دووەمی دیزاینی رێگای چۆمان - حاجی ئۆمەران تەواو بووە و رۆژانە وەبەرهێنەری زیاتر سەردانی ناوچەکە دەکەن بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەی جۆراوجۆر، ئەمەش نیشانەی گەشەسەندنی بەردەوامی دەڤەرەکەیە.