نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە پرسەی میری پێشووی قەتەردا دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گەیشتە دەوحەی پایتەخت و بەشداریی لە رێوڕەسمی پرسەی شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، میری پێشووی قەتەردا کرد؛ لە لایەن شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری ئێستای وڵاتەکەوە پێشوازیی لێ کرا و هاوخەمی و سەرەخۆشیی قووڵی هەرێمی کوردستانی پێگەیاند.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەممووزی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی ژمارەیەک لە سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەشداریی لە رێوڕەسمی پرسەی شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، میری پێشووی دەوڵەتی قەتەردا کرد و لە لایەن شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری دەوڵەتی قەتەرەوە پێشوازیی لێ کرا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی بە ناوی خۆی و هەرێمی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵ و هاوسۆزیی خۆی ئاراستەی میری دەوڵەتی قەتەر و بنەماڵەی فەرمانڕەوا و گەلی قەتەر کرد و هیوای خواست خوای مەزن گیانی کۆچکردوو بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەمووان ببەخشێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لای خۆیەوە، میری قەتەر سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئامادەبوون و بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی پرسەکەدا، هەروەها هاوخەمیی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ دەوڵەتی قەتەردا بەرز نرخاند.

دیوانی میری قەتەر دوێنێ یەکشەممە، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردبوو، میر شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، لە تەمەنی 74 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد".

حەمەد بن خەلیفە ئال سانی لە ساڵی 1952 لە دایک بووە و لە ساڵی 1995 دەسەڵاتی گرتە دەست، بە یەکێک لە تەلارسازەکانی قەتەری مۆدێرن دادەنرێت، دوای ئەوەی وڵاتەکەی بە قۆناخێکی گەشەسەندنی خێرای ئابووریدا بردووە

هەروەها لە رۆژی 25ی حوزەیرانی 2013، گواستنەوەی دەسەڵاتەکەی بۆ کوڕەکەی، میری ئێستای قەتەر تەمیم بن حەمەد ئال سانی راگەیاند.