گواستنەوەی بریکاری خۆراک بە شێوەی ئەلیکترۆنی کارا کرا
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، فەرمانگەی پلاندان و بەدواداچوونی بەغدا بڕیاری داوە بە کاراکردنی فۆرمێکی ئەلەکترۆنی بۆ گواستنەوەی بریکاری خۆراکی هاووڵاتییان.
دووشەممە 13ـی تەمووزی 2026، بە گوێرەی ئەم بڕیارە، ئەو هاووڵاتییانەی نیشتەجێی شارێکن بۆ نموونە شاری هەولێر و دەیانەوێت بریکاری خۆراک یان ئاردیان لە لای بریکارێکەوە بگوازنەوە بۆ لای بریکارێکی دیکە لە ناو هەمان شاردا، دەتوانن لە رێگەی فۆرمێکی ئەلەکترۆنییەوە ئەم کارە ئەنجام بدەن.
ئەم پرۆسەیە بەپێی ئەو رێنماییانە دەبێت کە لە ناو فۆرمە ئەلەکترۆنییەکەدا دیاری کراون و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان دەکات.
هەروەها لە ئێستادا ئەو کردارە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هاووڵاتییان دەتوانن بە کومترین کات و بێ سەردانیکردنی فەرمانگەی پەیوەندار بە گواستنەوەی بریکارەکان ئەم کردارە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە فۆرمی خۆراک ئەنجامبدەن.
ئەو هاوڵاتییانەی دەیانەوێت بریکارەکانیان بگوازنەوە دەبێت ئەم مەرجانە جێبەجێبکەن:
1-گواستنەوە لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی دیکەی هەمان شوێن دەبێت هاووڵاتی کارتی زانیاری هەمان شوێنی هەبێت.
2-گواستەوە لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی دیکەی ناوچەیەکی جیاواز پێویستە کەسەکە کارتی زانیاری ئەو ناوچەیەی هەبێت کە دەیەوێ گواستنەوەی بۆ بکات .