کتێبی "گۆڤاری رێژیار، سەرمەشقێکی بزاڤی رۆژنامەوانی لە دەڤەری بارزان" بڵاوکرایەوە

وەحید رەشید، نووسەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، نوێترین کتێبی خۆی لە ژێر ناونیشانی "گۆڤاری رێژیار، سەرمەشقێکی بزاڤی رۆژنامەوانی لە دەڤەری بارزان" بڵاوکردەوە و دەڵێت،"ئەو کتێبەم بە دوتوێی بە 186 لاپەڕدایە و هەوڵێکی توێژینەوەیی و دۆکیۆمێنتکردنی مێژووی رۆژنامەوانی لە ناوچەی بارزانە و ئەم بەرهەمە بە ئامانجی پاراستنی میراتی رۆژنامەوانی و ناساندنی کەسان و دامەزراوەکانی ئەم بوارە ئامادە کراوە."

ئەمڕۆ دووشەممە، 13ی تەممووزی 2026، وەحید رەشید، نووسەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بە کوردستان24ـی گوت، "ئامانجی سەرەکیی چاپکردنی ئەم کتێبەم لە سێ خاڵدا کورت دەبێتەوە. یەکەم، ببێتە ماڵێکی هاوبەش بۆ هەموو نووسەران و رۆژنامەوانانی دەڤەری بارزان، لە هەر شوێنێک بن، یەکتر بناسن و بەرهەمەکانیان لە یەک شوێندا کۆبکرێنەوە. دووەم، هەموو بڵاوکراوە و بابەتە رۆژنامەوانییەکانی ساڵانی رابردوو کۆبکرێنەوە و وەک بەڵگەی مێژوویی بپارێزرێن بۆ سوود وەرگرتنی نەوەکانی ئێستا و داهاتوو. سێیەمیش، ئەم کتێبە ببێتە سەرچاوە و بەڵگەنامەیەکی گرنگ بۆ هەر توێژەر و لێکۆڵەرێک کە لە داهاتوودا بیەوێت لەسەر بزاڤی رۆژنامەوانی لە دەڤەری بارزان توێژینەوە ئەنجام بدات."

وەحید رەشید گوتیشی، "بەشێکی گرنگی کتێبەکەم تەرخان کردووە بۆ مێژووی ناوەندە رۆژنامەوانییەکانی بارزان. تێیدا باس لە 17 ناوەندی رۆژنامەوانی دەکەم کە لە گۆڤار، رۆژنامە، بڵاوکراوە، رادیۆ و تەلەڤزیۆن پێکهاتوون. هەروەها یەکەم ناوەندی رۆژنامەوانی لە دەڤەری بارزان گۆڤاری رێژیار بوو، کە لە ساڵی 2001 لەلایەن ستافێک لە مامۆستایانی سەرەتایی و ناوەندی سێلکێ دامەزرا. من و شەمال ئەبوبەکر و مامۆستا عیمران ئەحمەد و مامۆستا حەکیم محەمەد و مامۆستا رۆژوان سەعید ئەندامانی ستافی گۆڤارەکە بووین. هەرچەندە تەنیا پێنج ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە، بەڵام وەک سەرەتایەکی مێژوویی بۆ رۆژنامەوانی لە بارزان شوێنپەنجەی خۆی جێهێشت."

ئەو نووسەرە باس لە مێژوو و بڵاوکراوەکانی دەڤەری بارزان دەکات و دەڵێت، "کتێبەکە هەروەها مێژووی گۆڤار و بڵاوکراوەکانی وەک زریمۆک، پەرجان، هەرمان، ڤەژین، بزاڤنامەی هەرمان بۆ ژینگەپارێزی، رادیۆ و تەلەڤزیۆنی هەرمان، رییا نوو، مێرگەسۆر، ژیاری تەندروستی و رۆژنامەی ڤیان تۆمار دەکات و ناوی ژمارەیەک لەو کەسانەش دێنێتەوە یاد کە بە ماندووبوون و خزمەتگوزاری، بناغەی ئەو ناوەندانەیان بەهێز کردووە."

دەربارەی ژمارەی نووسەرانی ژن و پیاو لە دەڤەری بارزان، وەحید رەشید دەڵێت، "لەبەشێکی دیکەی کتێبەکەدا باس لەوە دەکەم کە لە دەڤەری بارزان 179 نووسەر هەن کە کتێبیان چاپ کردووە، لەوانە 160 پیاو و 19 ئافرەتن. کۆی کتێبە چاپکراوەکانیش گەیشتووەتە 805 کتێب لە بوارە جیاوازەکاندا. هەروەها، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوارە جیاوازەکانی رۆژنامەوانیدا کاریان کردووە 229 رۆژنامەوانە، کە لە 191 پیاو و 38 ئافرەت پێکدێت."

وەحید رەشید ئاماژەی بەوەش دا، "لە کتێبەکەدا تەنیا بە تۆمارکردنی زانیارییەکان و ئامارەکان نەوەستاوم، بەڵکو ژیاننامەی دوو شەهیدی نووسەر و رۆژنامەوانی دەڤەری بارزان، شەوکەت شێخ یەزدین و شیفا گەردی باس دەکەم، و وەک بەشێک لە مێژووی هاوچەرخی رۆژنامەوانی کوردستان، یادیان زیندوو دەکەمەوە."

وەحید رەشید، نووسەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، لەساڵی 1970 لە قەزای مێرگەسۆر لەناوچەی بارزان لەدایکبووە. زیاتر لە 32 ساڵە لە بواری پەروەردەدا خزمەت دەکات و لە پلەکانی مامۆستایەتی، بەڕێوەبەری قوتابخانە و لە ئێستاشدا سەرپەرشتیاری پەروەردەیییە. هەروەها لە بواری رۆشنبیری و رۆژنامەوانیدا خاوەن ئەزموونە و خاوەن ئیمتیاز و بەڕێوەبەری نووسینی یەکەم گۆڤاری رۆشنبیری لە دەڤەری بارزان، "گۆڤاری رێژیار"، بووە. لەگەڵ ئەوەشدا لە بواری هەڵبژاردن، توێژینەوە و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدارییەکی بەرچاوی هەبووە و چەندین بڕوانامە، رێزلێنان و سوپاسنامەی فەرمی وەرگرتووە.