سێنتکۆم: بۆ سێیەم شەو لەسەریەک هێرشمان کردە سەر ئێران

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، بە فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان (سەرۆکی وڵات)، بۆ سێیەم شەوی لەسەریەک دەستیان بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی چڕ بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران کردووە. ئەم هێرشانە وەک هەوڵێک بۆ پەکخستنی تواناکانی تاران و پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز وەسف دەکرێن.

سێشەممە 14ـی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، کاتژمێر 23:45 خولەکی رۆژی دووشەممە بەکاتی کوردستان، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی قۆناخێکی نوێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دژی پێگەکانی ئێران. ئەمە سێیەم شەوی لەسەریەکە کە سوپای ئەمریکا بە چڕی هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە سەپاندنی تێچوویەکی قورسە بەسەر هێزە ئێرانییەکاندا و لاوازکردنی توانای ئەو وڵاتەیە بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە هێرشێک دژی کەشتییە بازرگانییەکان و هاووڵاتییانی مەدەنی.

سێنتکۆم جەخت دەکاتەوە کە ئەم جووڵە سەربازییانە بۆ گەرەنتیی ئازادیی هاتوچۆی دەریاییە لە گەرووی ستراتیژیی هورمز، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە.

هاوکات میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، کە ئێستا دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە لە بەندەرعەباس, قشمی، بووموسا، بەندەری کەنگان, سیریک, دوورگەی کیش, جەم, جاسک و کۆنارەک بیستراون.

باسیشیان لەوە کردووە، بەپێی نوێترین زانیارییەکان، پێگەی سەربازیی چەمران لە شاری جەم بە چەندین مووشەک کراوەتە ئامانج. هەرچەندە تا ئێستا قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکان بە تەواوی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە هێرشەکە یەکجار چڕ بووە.

تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لە زمان سوپای وڵاتەکەیەوە بڵاوی کردەوە، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، پێگە و کەرەستە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە کوێت کردووەتە ئامانج